رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لەدوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، هاشم سەفیەدین بە شوێنگرەوەی چاوەڕوانکراو بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا ناودەبرا
رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵای لوبنانی رایدەگەیێنن، لە دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئەم هەفتەیەی ئیسرائیل، پەیوەندیان لەگەڵ هاشم سەفیەدین، کەسی دووەمی حیزبوڵڵا "پچڕاوە و نازانن لە شوێنی بەئامانجگیراو بووە، یان نا."
ئەمڕۆ (شەممە،5ـی تشرینی یەکەمی 2024) دوو بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، لە رۆژی هەینییەوە "لەدوای هێرشە مووشەکییە کوشندەکەی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکێکی باشووری بەیرووت، پەیوەندیمان لەگەڵ سەید سەفیەدین پچڕاوە."
یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژە بەوە دەکات، کە حیزبوڵڵا لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بگاتە ژێرزەمینی ئەو بارەگایەی بە ئامانجگیرا، بەڵام بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل نەیانتوایوە بە شوێنەکە بگەن.
لە 23ـی ئەیلوولەوە هێرشەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بۆ سەر یەکدی چڕتر بوونەتەوە. ئیسرائیل کە سەرنجی هێرشەکانی لە غەززەوە گواستووەتەوە سەر حیزبوڵڵا، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەندین بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکەی کوشتووە، کە دیارترینیان حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بوو.
درەنگانی رۆژی پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر گەڕەکێکی باشووری بەیرووت و رایگەیاند، لەهێرشەکەدا هاشم سەفیەدینیان بە ئامانج کردووە. تائێستا بە فەرمی لەلایەن حیزبوڵڵاوە کوژرانی هاشم سەفیەدین پشتڕاستنەکراوەتەوە.
هاشم سەفیەدین، لەدایکبووی ساڵی 1964 و ئامۆزای حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی بوو.
لەدوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، بە شوێنگرەوەی چاوەڕوانکراو بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە ناودەبرا.
هاشم سەفییەدین لە ساڵی 2001ـەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری حیزبوڵڵای لوبنانی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ