رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئێستا غەززە دوو بەشە و ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە کوشتنی فەرماندە و چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس.
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، بەردەوام دەبن لە بە ئامانجکردنی سەرکردە و چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس. دەشڵێت، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە 10 فەرماندەی حەماسیان کوشتووە کە پلانداڕێژەری هێرشەکەی سەر باشووری ئیسرائیل بوون و فەرماندەی چەکدارەکانیش بوون لە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا.
گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل گوتی، ئامانجی یەکەمیان کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی حەماس لە کەرتی غەززە، بەڵام رێگەش بە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی دەدەن. گوتیشی، رۆژی هەینی، 3-11-2023، پشکنینیان بۆ چەند بارهەڵگرێک کردووە و رێگەیان پێداون بچنە نێو کەرتی غەززە.
دانیێل هەگاری رایگەیاند، ئێستا غەززە دوو بەشە؛ بەشی باکوور و بەشی باشووری؛ بەشی باکووری بۆ هیچ هاووڵاتییەک سەلامەت نییە و پێویستە هاووڵاتییە سڤیلەکان بە زووترین کات ئەو ناوچەیە جێبهێڵن و بەرەو باشووری کەرتەکە بڕۆن.
لە ئاسمانەوە فڕۆکە، لەسەر زەویش تانک و قەناس بەدەستەکانی ئیسرائیل بۆردوومانی چڕ و تەقەی زۆر دەکەن
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 4, 2023
ئیسرائیل ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەمڕۆیە و لە باکووری غەززە گرووپە چەکدارەکان دەکەنە ئامانج pic.twitter.com/pWCKpoVkmZ
بە گوێرەی گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل، ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە بەشی باشووری کەرتەکە، ئەوان ئامادەن رێگەیان بۆ بکەنەوە تاوەکو بگەنە ناوچە سەلامەتەکان و ئەو ناوچانەی هاوکاریی مرۆییان پێ دەگات.
ئەو گوتانەی گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە کاتێکدان، 29 رۆژە شەڕی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەی کەرتی غەززەش چوونەنێو شەڕەکە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا 10 هەزار و 627 فەلەستینی و ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی 38 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، لەنێو کوژراوانی کەرتی غەززەدا زیاتر لە شەش هەزار کەسیان ژن و منداڵن. بە گوێرەی بەرپرسانی کەرتی رۆژئاواش، بەهۆی گرژییەکانی کەرتی رۆژئاواوە 143کەس کوژراون و هەزار و 900 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ