رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، دۆخی نەخۆشخانەکانی باکووری غەززە خراپە و منداڵان "بەهۆی نەمانی خۆراک، سووتەمەنی و پێداویستیی پزیشکییەوە"، لەنێو نەخۆشخانەکانی باکووری کەرتەکە گیان لەدەست دەدەن.
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئاداری 2024، تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راگەیاند، لە کاتی سەردانی دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەخۆشخانەکانی باکووری غەززە، دەرکەوتووە، دۆخی نەخۆشخانەکان لەوپەڕی خراپیدایە.
بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی نەخۆشخانەکان "زۆر جێگەی نیگەرانییە" و بەشێک لە باڵەخانەکانی نەخۆشخانەکان وێران بوون.
نەخۆشخانەی کەمال عەدوان، کە تاکە نەخۆشخانەی منداڵانە لە باکووری غەززە، بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، پر بووە لە نەخۆش و توانای وەرگرتنی نەخۆشی دیکەی نییە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 10 منداڵ لە باکووری غەززە بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە و تەندورستیی غەززەش دەڵێت، لە تەواوی کەرتەکە 16 منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردوون.
سەرەڕای دەستنەکەوتنی خۆراک، نەبوونی کارەباش یەکێکی دیکەیە لە کێشە سەرەکییەکانی نەخۆشخانەکانی باکووری غەززە. تێدرۆس لەوبارەیەوە دەڵێت: "کەمیی کارەبا هەڕەشەیەکی جیددی خستووەتە سەر نەخۆشەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە لە دۆخێکی هەستیاری تەندروستیدان".
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی ئەو ناوچەیەی فەلەستین، 1.8یان ئاوارە بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، 576 هەزار کەس کە دەکاتە یەک لەسەر چواری غەززەییەکان، لە برسێتیی کوشندەدا دەژین.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەر شەش منداڵی خوار تەمەن 2 ساڵی کەرتی غەززە، یەکێکیان رووبەڕووی بەدخۆراکیی کوشندە بووەتەوە؛ هەموو 2.3 ملیۆن دانیشتووی ئەو ناوچەیەش پشت بەو هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن، کە ئێستا پچڕ پچڕ و کەم دەگەیێندرێتە غەززە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە 23ـی مانگی رابردووەوە هیچ خواردنێک نەگەیێندراوەتە نێو غەززە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوای گەیاندنی هاوکارییان کردووە.
نزیکەی پێنج مانگە جەنگی غەززە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 هەزار کەس لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون. بەگوێرەی ئەو ئامارانەشی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ