رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

ئەمینە ئەردۆغان، خانمی یەکەمی تورکیا و لەتیفە درووبی، خانمی یەکەمی سووریا لە ئەنقەرە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
هاوژینی سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ هاوژینی سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر گفتوگۆیان کرد. هاوژینەکەی ئەردۆغان دەڵێت: ''لە بنیادنانەوە و ساڕێژکردنی برینەکاندا پاڵپشتی لە سووریا دەکەین''.
ئەمینە ئەردۆغان، هاوژینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ لەتیفە درووبی، هاوژینی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر گفتوگۆیان کردووە.
هاوژینەکەی ئەردۆغان گوتی: ''زۆر خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردن لە خانمی قەدرگران، لەتیفە درووبی، هاوژینی سەرۆککۆماری عەرەبی سووریا''.
ئەمینە ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، ''گفتوگۆمان لەبارەی هاوکارییە مرۆییەکان، پشتیوانیی کۆمەڵگەیی، بەهێزکردنی ژنان و گرنگیی پەروەردە کرد''.
هاوژینی سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: ''باسمان لەو هەنگاوانە کرد کە دەتوانین لەپێناو منداڵان و ژنان بیاننێن، چونکە ئەوان بەهۆی هەموو شەڕەکانی جیهانەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە''.
ئەمینە ئەردۆغان رایگەیاند، وەکو چۆن لە پێشوودا لە بنیادنانەوەی سووریا و ساڕێژکردنی برینەکانی گەلی سووریا پاڵپشتییان لەو وڵاتە کردووە، لەمەودواش لە پاڵپشتیکردنیان بەردەوام دەبن.
هاوژینی ئەردۆغان باسی لەوەش کرد: ''باوەڕم وایە، ئاییندەیەک کە ئاشتی و سەقامگیری تێیدا بەرقەرار بێت، بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونە. هیوادارم هەر هەنگاوێک بۆ ئەم ئامانجە دەنرێت، بۆ گەلانی ناوچەکە ببێتە هیوایەکی هەمیشەیی''.
چی روویدابوو؟
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە، دواتریش کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "وەکو چۆن لە ناخۆشترین رۆژەکاندا برا سوورییەکانمان تەنیا جێنەهێشتن، لە سەردەمی نوێشدا ئەو پاڵپشتییەی پێویست بێت پێشکێشی دەکەین''.
لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد شەرعیش گوتی، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەردوولادا هەیە و رایگەیاند: "سوورین کە ئەو پەیوەندییە بگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی قووڵ لە هەموو بوارەکاندا بۆ بەدیهێنانی خێر و گەشەکردنی هەردوو گەل. لەم سۆنگەیەوە دەستمان بە هاوکاری هاوبەش کردووە، لە بوارەکانی مرۆیی، ئابووری، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ