یودیت نیورینگ
سێ ساڵ لەمەوبەر، كاتێك تۆنی بۆین لە كۆمپانیای فۆر ویندس K-9لەلایەن كوردێكەوە تەلەفۆنی بۆ دەكرێت كە دەیەوێ سەردانی شوێنی بەخێوكردنی سەگەكانی بكات لە باشووری هۆڵەندا، نەیدەزانی كۆمپانیا بچووكەكەی دەبێتە سەرچاوەی دابینكردنی سەگی راهێنراو لە بواری ئاسایشدا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
لە پشت كلكەلەقەی سەگەكانیانەوە كە كارەكەیان بەشێوەیەكی لێهاتووانەی ورد دەچێتە پێشەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، خێزانێكی لێهاتووی هۆڵەندی هەیە كە خاوەنی دوو دەیە شارەزایین لەو بوارەدا، بە دابینكردنی سەگی راهێنراو كە شارەزایان پێیانوایە زۆر باشترن لە دۆزینەوەی ماددەی هۆشبەر و تەقەمەنی لەچاو ئەو ئامێرانەی لەو بوارەدا بەكاردەهێنرێن.
لیندا بۆین دەڵێت "تاوەكو ئێستا نەسەلمێنراوە هیچ ئامێرێك لە لووتی سەگ باشتر بێت،" لیندا یەكێكە لە بەڕێوەبەرەكان لە كۆمپانیای فۆر ویندس K-9 و كارەكان لەگەڵ باوكی بەڕێوە دەبات. لیندا دەڵێت "بە دڵنیاییەوە رێگای دیكە زۆرن، بەڵام ئەمەیان ئاسانترین و كاریگەرترینیانە."
راستییەكان پشتگیری لە قسەكەی ئەو دەكەن لەبارەی وردبینی بەكارهێنانی سەگ. هەرچەندە پایتەختی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراقی پڕ لە ئاڵۆزی كە رۆژانە تەقینەوەی تێدا روودەدات، بەڵام لە فڕۆكەخانەی هەولێر تەنیا یەك رووداوی دۆزینەوەی تەقەمەنی تۆمار نەكراوە.
كاپتن هێمن محەممەد، كە ئەفسەرێكی كوردەو لێپرسراوی یەكەی پشكنینە، دەڵێت سەگەكان بە باشی كارەكە ئەنجامدەدەن و "ئەنجامەكان زۆر باشن". بەڵام "لەبەر هۆكاری ئەمنی" باسی ئەوەی نەكرد كە تاوەكو ئێستا ئەو سەگانە دەستیان بەسەر چ شتێكدا گرتووە.
كۆی ئەو 34 سەگەی كە لە بەشەكەدا هەن لە هۆڵەنداوە هێنراون و لەوێ راهێنانیان پێكراوە. لیندا دەڵێت سەگەكان تەنیا وەڵامی ئەو فەرمانانە دەدەنەوە كە بە هۆڵەندی یان ئینگلیزی بن "زمانی جەستە و تۆنی دەنگیش" شێوازێكن. گوتیشی "هەموو راهێنەرێك سەگێكی پێیە، پێكەوە گرووپێكیان پێكهێناوە، كاتێك سەگێك یان راهێنەرەكەی دەگۆڕدرێت، پێویستە سەرلەنوێ راهێنان بكرێتەوە."
سەگەكان هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەپشكنن كە پاسەوانەكان دیارییان دەكەن، راهێنەرەكە بە خۆی و سەگەكەیەوە بە دەوری ئۆتۆمبیلەكەدا دەسووڕێتەوە، ئەگەر سەگەكە بۆنی هەرشتێكی گوماناوی كرد ئەوا بەشێوەیەك راهێنراوە كە بوەستێت و دانیشێت، ئەمە نیشانەیە بۆ بوونی تەقەمەنی شاراوە یان ماددەی یاساغ".
یەكێك لە راهێنەرەكان گوتی لەگەڵ هەر ئاشكراكردنێك یان دۆزینەوەیەك لەلایەن سەگەكانەوە، دیارییەكیان پێشكەش دەكەین، ئەویش بۆرییەكی رەشە كە سەگەكان حەز بە یاریكردن دەكەن لەگەڵی.
راهێنەرێك گوتی لەكاتی راهێناندا ماددەیەك دەخرێتە نێو بۆڕییەكەوە كە سەگەكە پێویستە بیدۆزێتەوە، سەگەكە هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ دۆزینەوەی ماددەكە كە بۆنی دێت، گوتیشی "رێگە نادرێت سەگەكان بوەڕن، چونكە لەژێر دیسپلینێكی تونددان".
كۆمپانیاكەی بۆین لە سەرتاسەری جیهاندا سەگ دابین دەكات و راهێنانیان پێدەكات، هەر لە ئەمریكاوە تاوەكو ئیماراتی عەرەبی، تەنانەت تاوەكو نەیجیریاش.
ئەو كۆكە لەسەر ئەوەی سەگ باشترین ئەلتەرناتیڤە بۆ بەغدای پایتەخت كە لەوێ بۆ هێڵی پێشەوەی بەرگری لە خاڵە پشكنینەكاندا ئامێر و ئاژێر بەكاردێنن و دواتریش دەركەوت كە سەرجەمیان ساختەبوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێشتا عێراقییەكان بەكاریاندێنن.
ئەو ئاژێرە دەستیانەی كە لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانییەوە بە نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار بە حكومەتی عێراقی فرۆشران، خاوەنەكەی بە تاوانی ساختەگەری بە 10 ساڵ بەندكردن حوكمدرا، پاش ئەوەی سوپای ئەمریكا و پسپۆڕانی تەكنیكی سەلماندیان كە ئەو ئامێرانە كارناكەن. بە پێچەوانەشەوە سەركەوتوویی سەگ سەلمێنراوە.
بۆین گوتی "هەموو سەگەكانمان بە تەواوی بڕواپێكراون،" لەوكاتەدا كە لەبەر ژاوەژاوی وەڕینی سەگەكان دەبووایە هاوار بكات، هەر سەگێك شوێنێكی تایبەت بەخۆی هەبوو لەگەڵ دەرچەیەكی بچووك. گوتیشی "سەگەكان ساڵانە دەبێ بە تاقیكردنەوەی رێكخراوێكی سەربەخۆدا تێپەڕن كە لەژێر ئاڵای هۆملاند سیكیوریتی كار دەكات لە ئەمریكا."
لە هەرێمی كوردستان كە زۆرینەی دانیشتووانی موسڵمانن، پاسەوانی سەگ شتێكی قبوڵكراوە، لەگەڵ ئەوەی لە ئیسلامدا سەگ گیانەوەرێكی گڵاوە و مسوڵمان نابێ دەستی لێبدات.
وەك ناوچەكانی دیكەی جیهانی ئیسلامی، لە كوردستانی عێراقیش سەگ بەزۆری بۆ مەبەستی پاسەوانی و شوانی بەكاردەهێنرێن، هەروەها بەهێواشی خەریكە كورد رادێن لەسەر بەخێوكردنی سەگ لە ماڵەوە.
كاپتن هێمن دانی پێدا دەنێت كە "هەندێ خەڵك دەترسن، بەڵام لەوەش تێدەگەن بەهۆی ئەم سەگانەوە پارێزراوترن".



