زۆر درەنگ بوو بۆ تۆماركردنی سكاڵا لە دژی مەلا عەلی، بەڵام زۆریش بوو بۆ وەزارەتی تەندروستی كە هەڵوێستێكی لەو جۆرەی هەبێت.
ناڵێم كابرا رێزدار نییە، بەڵام سەیرە وەزارەتی تەندروستی نووسیویەتی بەڕێز مەلا عەلی، دیارە ئاگایان لە دنیا نییە، چونكە یەكێتی زانایان هەرزوو گوتیان ئەو مەلا عەلییە مەلا نییە، باشتر بوو وەزارەت ناوی سیانییەكەی بڵاوكردبایەوە، ئینجا كەسێك بیەوێت میزی حوشتر دەرخواردی خەڵكی بدات، سەیر نییە وشەی بەڕێز بخرێتە پێش ناوەكەیەوە؟!
مەلا عەلی بە تەنیا نییە، هاوپیشە و هاوڕێی جۆراوجۆری هەن، چەند ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هاوڕێیەكم راپۆرتێكمان لەسەر مردنی ژنێك كرد، ئەو هێشتا لە بەهاری تەمەنیدا بوو، دیاربوو بەهۆی ئەوەی مێردەكەی جێیهێشتبوو، تووشی حاڵەتێكی دەروونی خراپ هاتبوو، شۆفێری تاكسییەكیش خۆی لە دایك و باوكی ژنە كردبووە شێخ و مەشایەخ و گوتبووی جنۆكەكانی لەشی دەردەهێنم، ژنەی داماو نەیتوانی لە داركاری و دەرنەفیز و پلایس رزگاری ببێت و گیانی دەرچوو.
ئەوەی لای وەزارەتی تەندروستی گرنگە، تەنیا دەرمان و نەشتەرگەرییە، ئیتر لایەنەكانی دیكەی ژیانی خەڵكی وەلاناوە، لەو بێ كەسییەشدا، چەندین كەسی وەك مەلا عەلی دێنە مەیدان و بەناوی دین و قورئانی پیرۆزەوە، خەڵكی فریو دەدەن و تووشی نەگبەتی و دەردەسەرییان دەكەن، بیستوومانە هەندێك جار دەگاتە ئەوەی هەندێك لەو جۆرە كەسانە دەستدرێژی بكەنە سەر ژنان، گوایە لە نەزۆكی رزگاریان دەكەن، لەوانەیە برایانی ئاسایش باشتر ئاگاداری ئەو جۆرە كەیسانە بن.
مەلا عەلی لەوانەیە لە زۆر وەزیر ناسراوتر بێت لای خەڵكی، ناسراوترین كەسیشە كە پێشگری (مەلا) لەسەر ناوەكەی هەیە، ئاشكراشە خەریكی چییە، ئەگەر خۆشی پارە وەرنەگرێت، دەتوانرێ بزانرێ پارەی هەنگوین و میزی حوشترەكە بەرەو كوێ دەڕوات. بە گوتەی یاساناسەكان، بەپێی ماددەی 456ی یاسای سزادانی عێراقی هەر كەسێك بە فرت و فێڵ پارە لە خەڵكی وەربگرێت، دەكرێ لە یەك رۆژەوە تا پێنج ساڵ بەندبكرێت، بەڵام ئەگەر بە هۆی فێڵەكەیەوە كەسی فێڵلێكراو گیانی لەدەستدا، ئەوا بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست حوكم دەدرێت.
تۆماركردنی سكاڵایەك بەس نییە بۆ لەكارخستنی مەلا عەلی، بەڵكو بەدواداچوونی سكاڵاكە گرنگە، بۆ نموونە وەزارەتی تەندروستی دەتوانێت لە نەخۆشخانەی هیوا چەندین بەڵگە وەربگرێت لەسەر ئەو هاونیشتمانیانەی تووشی شێرپەنجە بوون و مەلا عەلی بەڵێنی چاكبوونەوەی پێداون، ئەڵبەتە خۆی بەڵێنەكەی پێداون بە ناوی خواوە، نازانم چۆن بیڵێم، وەك خۆی دەڵێ ئەو هیچ نییە، خوا چاكیان دەكاتەوە، بەڵام كەم نین ژمارەی ئەو نەخۆشانەی تووشی شێرپەنجە بوون و بە هۆی بەڵێنەكانی مەلا عەلییەوە لە چارەسەری نەخۆشخانەی هیوا دواكەوتوون و گیانیان سپاردووە، ئایا لە ڕووی یاساییەوە ئەوە لەسەر مەلا عەلی كەڵەك ناكەوێت؟
فەرموو با وەزارەتی تەندروستی بانگەوازێك بكات بۆ ئەو كەسانەی بەهۆی مەلا عەلییەكانەوە تووشی زیان هاتوون، یان ئەوانەی لە رووی ماددیەوە زیانیان پێگەیشتووە، بۆ ئەوەی لە دادگاكان دژی مەلا عەلییەكان بەڵگە و شاهێدییەكانیان بخەنەڕوو، ئەوە نە بودجەی دەوێت و نە پێویستی بە راوێژكاریشە، نە چاو لە ئوردن كردنی دەوێت و نە پێویستی بە دروستكردنی بۆریشە.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)