بەپشتی ئۆتۆمبێلەوە و لە دەمی زۆر بەرپرسەوە و لەسەر دیواری زۆر شوێن و لە زۆر بەرزاییشدا ناوی پێشمەرگە دەبینی و دەبیستی، ئەمە كاتێك دەجەنگێت، كاتێكیش شەهید دەبێت مەراسیمیان بۆ سازدەكرێت و هەندێك كەس سەردانیان دەكەن كە تێكڕای جۆرەكانی جلی كوردییان لەبەردایە، لە ستارخانی و مرادخانی و مەهابادی و نەوشیروانی و نێچیرڤانی، هاتنتان جێگای رێزە، بەڵام ئەوانەی باسیان لێوە ناكرێت و زۆرترین پێویستییان بە هاوكارییە، بریندارانن.
ئەگەر شەڕی داعش نەبووایە هەرگیز وەزارەتی پێشمەرگە نەدەكەوتە پێش وەزارەتەكانی دیكەوە لە وەرگرتنی مووچەدا، ئێستا نێوبانگی پێشمەرگە بە شێوەیەك بڵندە، كەس زاتی ئەوە ناكات تەنانەت رەخنەشیان لێبگرێت، بڕیارەكەی وەزارەتی داراییش بۆ لێخۆشبوونی شەهیدەكان لە پێشینەكان، تەنها جێبەجێكردنی ئەركێك بوو بەرامبەر كەسوكاری شەهیدان، كابرا گیانی خۆی بەخشیوە، ئیتر پارەی چی لێوەردەگریتەوە؟ بەڵام ئەی بریندارەكان؟ شایانی ئەوە نین ببەخشرێن؟
تا كۆتایی ساڵی 2013 ش، لە وەزارەتی تەندروستی دوو پزیشكی ڤێرترنەری، بڕیاردەر و ئەندام بوون لە لیژنەی سەرپەرشتیكردنی كاری ئەو كەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەت بوون كە یەكێكیان بە رەگەز عەرەب بوو، ئەوی دیكەشیان كوردیەكەی باش نەبوو، لە راستیشدا كاری ئەوان سەرپەرشتیكردن و چاودێریكردنی ئاژەڵە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و شەهیدان بێت، زیاتر لە شەش هەزار برینداری شەڕی داعش هەن، ئەوانە لە مردن گەڕاونەتەوە، یانی مردنیان بینیوە و بڕیاری شەهیدبوون و بەخشینی گیانی خۆیان داوە، بەڵام ئێستا چۆن چارەسەر دەكرێن؟
بریندارانی جەنگی داعش لەگەڵ ئەوەی زۆریان خەرجی چارەسەركردنیان لە دەرەوەی هەرێم دەكەوێتە ئەستۆی خۆیان و كەسوكاریان، بەڵام كاتێكیش دەبنە خاوەن پێداویستی تایبەت، ژیانیان چی بەسەر دێت؟
بە تەنیا وشەی بریندار بەس نییە، ئەوان سەراپای ژیانیان دەگۆڕێت، كێ دەتوانێ ئەو پێشمەرگە بریندارە لە بیر بكات كە بەهۆی شێوانی روخساریەوە منداڵەكەی نەیدەناسییەوە و نەدەچووە لای؟
وەزیرانی پێشمەرگە و تەندروستی و شەهیدان و كاروباری كۆمەڵایەتی و پلاندانان، رۆژێك لە جیاتی ئەوەی بە ئۆتۆمبێلەكانتان بڕۆنە كۆبوونەوەیەك، لە جێی شەش هەزار برینداری جەنگی داعش و هەزارەها كەسی دیكەی خاوەن پێداویستی تایبەتی ئەم وڵاتە، سواری پێنج عەرەبانە ببن و پیاسەیەكی شەقامی پزیشكانی سلێمانی یان هەولێر بكەن، بزانن دەتوانن چەند سەد مەتر ببڕن لە چەند كاژێردا، هەر هەمووتان هەوڵبدەن لە شەقامی شەستی سلێمانی یان هەولێر بپەڕنەوە، بزانن چەندتان كات دەوێت، هەر هەمووتان هەوڵ بدەن سواری پاسێك ببن ئەگەر پارەی تاكسیتان پێنەبوو، بزانن كام پاس جێگای خۆتان و عارەبانەكانتانی تێدا دەبێتەوە، بەم مانگی رەمەزانە پێكەوە بڕۆن لە مزگەوتێك نوێژ بكەن، بزانن چۆن دەڕۆنە ژوورەوە، چۆن دەستنوێژ دەگرن و چۆن چۆنی دەڕۆنە سەرەوە بۆ شوێنی نوێژكردن، پێكەوە بڕۆنە بازاڕێك، بڕۆنە بەردەم ماركێتێك، بڕۆنە شارەوانی، بڕۆنە ئەو شوێنانەی هەموو كەس كاری تێیاندەكەوێ، ببینن بەهۆی پلان و داواكارییەكانی ئێوەوە، خزمەتگوزارییەكان بۆ برینداران و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان چەند زۆر و چەند جۆرن، هەر ئەوانەش ناكەن، رۆژێك لە شوێنی ژیانتانەوە بە عەرەبانە بڕۆن بۆ وەزارەتەكانتان، تا ببینن و تێبگەن پاڵەوانەكانی جەنگ و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان چۆن و بە چ حاڵێك سەردانی وەزارەتەكانی ئێوە دەكەن.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)