ئەپڵ بەكارهێنەرانی ئاگاداردەكاتەوە

07-09-2014
سەركەوت رۆستەم
A+ A-

رووداو - هەولێر

وادیارە كۆمپانیای ئەپڵ دەیەوێت هەنگاوی زیاتر بهاوێژێت بۆ دوورخستنەوەی هەككەران لە ئاكاونتی بەكارهێنەرانی.

بە گوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ، كۆمپانیای ئەپڵ لە رووبەڕووبوونەوەی رووداوە ئابڕووبەرەكەی بڵاوبوونەوەی وێنەی رووتی كەسایەتییە بەناوبانگەكان، پێداچوونەوە بە پرۆگرامەكانیدا دەكات و بەكارهێنەرانی ئاگاداردەكاتەوە.

تیم كۆك، سەرۆكی كۆمپانیاكە رایگەیاند، كە بەشداربووانیان ئاگاداردەكەنەوە لە رێگەی پەیامی ئەلیكترۆنی (ئیمێڵ) لە كاتێكدا ئەگەر هاتوو كەسێك ویستی وشەی تێپەڕبوون (پاسوۆرد) ی ئەككاونتەكە بگۆڕێت، یان گەڕاندنەوەی داتاكانی ئای كلاود لە سەر ئامێرەكە، یان چوونە ژوورەوەی ئامێرەكە بۆ ئەككاونتەكە سەر لە نوێ.

ئەپڵ بە خێرایی جموجوڵ دەكات بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانە لە سیستمی پاراستن و نهێنی ئامێرەكانی پێش فرۆشتنی ئامێرە نوێكەی ئای فۆن 6 لە هەفتەی داهاتوودا. باس لەوە دەكرێت كە خزمەتگوزاری ئای كلاود رێگە دەدات بە هێنانەوەی وێنەكان و ناوەڕۆكەكان لە هەر ئامێرێكی دیكەی ئەپڵ.

پاراستن و نهێنی لە ئای كلاود سەرقاڵكەری هەمووان بوو لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، بەڵام ئەمەیش نەبووە رێگر بۆ پشتبەستنێكی خێرا بەو خزمەتگوزارییانەی كە رێژەی كۆگاكردن و بەڕێوەبردنی داتاكان و ناوەڕۆكەكە دەبەخشێت لە ئامێرە زیرەكەكان و كۆمپیوتەرەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە