رووداو- سلێمانی
راز محەممەد، 34 ساڵ، ماوەی چوار ساڵە بە دەست نەخۆشیی مایەسیرییەوە دەناڵێنێ، نەگبەتییەكەی راز لەوەدایە مێردەكەی رازی نییە لەلای پزیشكی پیاو پشكنین یان نەشتەرگەری بكات و پزیشكی ئافرەتیشی دەستناكەوێ نەشتەرگەریی بۆ بكات "ناچارم ئازاری مایەسیری قبوڵ بكەم".
پزیشكان دەڵێن زۆربەی ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشیی مایەسیری دەبن ئافرەتن، بەڵام ئەوان لەبەر كلتووری كۆمەڵایەتی و ئایین و رێگری باوك و برا و هاوژینەكانیان ناچنە لای پزیشكانی پیاو. ئەمەش گرفتێكی زۆری بۆ دروستكردوون، چونكە وەك بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن ژمارەی پزیشكی ئافرەت كە پسپۆڕیان لە نەشتەرگەریی گشتی هەیە لە ژمارەی پەنجەكانی دەست تێناپەڕن.
راز محەممەد، دانیشتووێكی شاری سلێمانییە. ئەو بەهۆی منداڵبوونەوە ماوەی چوار ساڵە تووشی نەخۆشیی مایەسیری بووە، بەڵام تائێستا بۆ ئەنجامدانی پشكنین و نەشتەرگەری نەچووەتە لای پزیشك، راز دەڵێت "سێ منداڵم بووە و تووشی مایەسیری بووم، بەڵام تائێستا نەچوومەتە لای پزیشكێكی پیاو، چونكە هاوژینەكەم رێگە نادات پزیشكی پیاو پشكنین و نەشتەرگەریم بۆ بكات، خۆشم شەرم دەكەم سەردانی پزیشكی پیاو بكەم، زۆر پرسیاریشم كردووە لەبارەی پزیشكی ئافرەت تا ئەو نەشتەرگەرییەم بۆ بكات، بەڵام دەڵێن نییە".
راز گلەیی لە میدیاكان دەكات كە تائێستا ئاوڕیان لەو بابەتە نەداوەتەوە، كاریان لەسەر ناساندنی پزیشكانی ئافرەت لە بواری نەشتەرگەریی گشتی نەكردووە، چونكە وەك خۆی دەڵێت "زۆرن ئەو ئافرەتانەی بەدەست ئازاری مایەسیرییەوە دەناڵێنن و ئامادە نین بچنە لای پزیشكی پیاو".
بەرپرسانی كەرتی تەندروستی دەڵێن ژمارەی پزیشكانی ئافرەت زۆرن، بەڵام كەمیان خۆیان لە قەرەی نەشتەرگەریی گشتی دەدەن، بەڵكو زۆربەیان پسپۆڕێتی لە نەخۆشیی ژنان وەردەگرن.
دكتۆر هیوا یاسین حەمە، بەڕێوەبەری كاروباری هونەریی تەندروستی سلێمانی دەڵێت "ژمارەی پزیشكی پسپۆڕی ئافرەت لە بواری نەشتەرگەریی گشتیدا لە سلێمانی لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناكات، چونكە پزشكانی ئافرەت زیاتر لە بواری نەخۆشیی ژناندا كاردەكەن".
ئەم پزیشكە دەشڵێت "پێشتر بەهۆی كولتوورەوە ژنان بۆ پشكنین و نەشتەرگەری نەدەچوونە لای پزیشكی پیاو، بەڵام ئێستا باشترە و ئەم كولتوورە تاڕادەیەكی زۆر كاڵبووەتەوە، چونكە ژنان تێگەیشتووتر بوون و جیاوازیی ناكەن لەنێوان ژن و پیاو لە بواری پزیشكیدا، مەگەر ئافرەتانی دەرەوەی شارەكان نەیانەوێت بچنە لای پزشكی پیاو".
د.سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێریش نەیشاردەوە كە ئەو پزیشكە ئافرەتانەی پسپۆڕن لە نەشتەرگەریی گشتی، كەمن و لە پارێزگایەكی وەكو هەولێر ژمارەیان لە حەوت پزیشك تێپەڕ ناكات.
هەر لەوبارەوە دكتۆر ئەژی محەممەد دێوانە، پزیشك لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر گوتی "پێش چەند ساڵێك، هەندێك لە ئافرەتان ناچار بوون بێنە لامان، بەڵام ئێستا كە پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی زیادی كردووە و بەشێكی كەمیان ئافرەتن، بۆ چارەسەر و نەشتەرگەری دەچنە لای ئەوان".
ئەو پزیشكە نەیشاردەوە كە هێشتا ئەو شەرمە لەنێو ژناندا ماوە و گوتی "هێشتا بەشێك لە ئافرەتان كە تووشی مایەسیری بوون، نەك هەر رێگە نادەن نەشتەرگەرییان بۆ بكەین، تەنانەت رێگە نادەن پشكنینیشیان بۆ بكەین، بەڵكو تەنیا باسی نەخۆشییەكە دەكەن".
ئەم پزیشكە هۆكاری كەمیی پزیشكی پسپۆڕی ئافرەتی لە نەشتەرگەریی گشتیدا، بۆ بەرپرسیارێتی و زەحمەتیی ئێشكگری گەڕاندەوە و گوتی "ئافرەت ئەركی ماڵیشی لەسەرە، ئەمە سەرەڕای كولتوور كە رێگرە لەوەی ئافرەت لە پسپۆڕیی گشتیدا كاربكات".
لەبارەی تێچووی نەشتەرگەریی مایەسیریش، دكتۆر ئەژی دەڵێت "نەشتەرگەریی مایەسیری لە نەخۆشخانە حكومییەكان بەخۆڕاییە، بەڵام لە نەخۆشخانە تایبەتەكان لە 300 هەزار تاوەكو یەك ملیۆن دیناری تێدەچێ".
دكتۆرە چنار سنجاوی كە ماوەی 16 ساڵە پزیشكە و 8 ساڵیشە پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتییە، زۆربەی نەخۆشەكانی كە تووشی مایەسیری بوون و سەردانیان كردووە، لە رەگەزی مێن. ئەو دەڵێت "زۆربەی ئەو نەخۆشخانەی دێنە لام ژنن، هیچ نەخۆشێكی پیاو كە تووشی مایەسیری بووبێ، ناچێتە لای پزیشكی ئافرەت".
دكتۆرە چنار دەڵێت "ژنان خۆیان شەرم دەكەن و زۆر جار ئایین و كولتووری كۆمەڵایەتیش كاریگەریی هەیە، بۆ نموونە ئافرەتەكان دەڵێن، باوك و برا و هاوژینەكانیان رێگە نادەن بچنە لای پزیشكی پیاو".
ئەم پزیشكە لەبارەی هۆكاری كەمیی پزیشكی ئافرەت لە بواری نەشتەگەریی گشتیدا دەڵێت "ئەم پسپۆڕییە پێویستی بە بوێری هەیە و بەرپرسیارێتیی تێدایە، ئەمەش بۆ ئافرەت ئاسان نییە و زۆرجار تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی دەبن كە هیچ تاوانی پزیشكی تێدا نییە، بۆیە ئافرەتان خۆیانی لێ بەدوور دەگرن، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە لە هەولێر ئەم بەربەستە شكێنراوە و ئێستا پسپۆڕی ئافرەتمان لەبواری نەشتەرگەریی گشتیدا هەیە".
بۆچی ژنان زیاتر تووشی مایەسیری دەبن؟
دكتۆرە چنار سنجاوی كە ماوەی 16 ساڵە پزیشكە و 8 ساڵیشە پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتییە، بە (رووداو)ی گوت "رەگەزی مێینە زیاتر تووشی نەخۆشیی مایەسیری دەبن، چونكە دیوارەكانی بۆڕی خوێنبەرەكان لە رەگەزی مێینەدا لاوازترە و زووتر تووشی ئاوسان دەبن. هەروەها ژنان لەكاتی سكپڕیدا بەهۆی زۆربوونی پەستانی نێو سك، زوو تووشی نەخۆشییەكە دەبن".



.jpg&w=3840&q=75)