رووداو دیجیتاڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، هاوئاهەنگییەکی بەهێز و رۆژانە لەنێوان ئەوان و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پیلانی گرووپێکی سەر بە حیزبی بەعسی قەدەخەکراویان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و چەند ئەفسەرێکی باڵا پووچەڵکردووەتەوە. ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 13ی حوزەیرانی 2026 قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و رایگەیاند: "لەسەر ئاستێکی باڵا هاوئاهەنگی لەنێوان دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و برایانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. بەردەوام و رۆژانە زانیاریی هەواڵگری ئاڵوگۆڕ دەکەین و یاداشتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ئاڵوگۆڕ دەکەین کە دەکەونە بواری ئاسایشی گشتییەوە، وەک تیرۆر، مادەی هۆشبەر، قاچاخچێتی و دنەدان." ئەرشەد حاکم ئاماژەی بەوەش کرد "کە تەنانەت لە دۆسیەی حیزبی بەعسی قەدەخەکراویشدا هاوکارییەکی گەورە لەنێوان هەردوولادا هەیە" و گوتیشی: "ئاسایش بۆ هەمووانە، بۆیە پێویستە هەمووان بەشدار بن لە پاراستنی ئەو سەقامگیرییەی هەیە." پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆرکردن گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وردەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ئاڵۆزی باس کرد کە تێیدا دزە کراوەتە نێو گرووپێکی حیزبی بەعسی قەدەخەکراو بە ناوی (گردبوونەوەی نیشتمانی بۆ ئازادکردن). ئەرشەد حاکم دەڵێ: "15 کەسمان لەو گرووپە دەستگیرکرد کە هەڕەشەیان لە ئاسایشی وڵات دەکرد. سەرکردەی گرووپەکە سێ کەسی راسپاردبوو بۆ تیرۆرکردنی ژمارەیەک کەسایەتی، کە دیارترینیان سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، گوتەبێژی فەرمی دەزگاکە و بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی بەغدا بوون." گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد کە دەزگاکەیان دزەی کردبووە نێو تۆڕ و کۆبوونەوە تایبەتەکانیان و پێش گەیشتن بە "کاژێری سفر" و جێبەجێکردنی پیلانەکەیان، سەرجەمیان بە بەڵگەی تەواوەوە دەستگیرکران. حاکم لە رێگەی رووداوەوە پەیامێکی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە تێوەگلاون لەو گرووپە و گوتی: "ئێوە لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵدان، پەیاممان ئەوەیە کە واز لەو کارانە بهێنن." کوشتنی "مەترسیدارترین" بازرگانی مادەی هۆشبەر لە تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، ئەرشەد حاکم باسی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت کرد بۆ لەنێوبردنی یەکێک لە گەورەترین بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە عێراق کە لە ساڵی 2015ـەوە داواکراو بووە. بەگوتەی گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، "ئەو بازرگانە بەرپرس بوو لە هێنانی بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەر (نێوان 50 بۆ 100 کیلۆگرام) و لە پارێزگاکانی باشوورەوە بۆ بەغدا دەینارد. پاش چاودێرییەکی ورد و راوەدوونان بۆ 25 کیلۆمەتر، لە بۆسەیەکدا رووبەڕووی هێزەکانمان بووەوە و تەقەی کرد، بەڵام لە ئەنجامدا خۆی و بازرگانێکی دیکە کە خزمی بوو، کوژران."
عێراق13-06-2026تاقیکردنەوەکانی پۆلی 6 و 12 لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد
عێراق12-06-2026سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق رێوڕەسمێکی ماتەمینی بۆ گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز رێکخست