رووداو - پێشخابوور
فەرماندە سەربازییەکانی کوردستان دەڵێن، رێگەنادەین نە چەکداری حەشدی شەعبی و نە سوپای عێراق لە دەروازەی پێشخابوور و ئیبراهیم خەلیل جێگیر بن.
سەبارەت بە داوای عێراق بۆ بڵاوەپێکردنی هێز لەو دەروازە سنوورییانە، شاندی سەربازیی کوردستان بە فەرماندەکانی عێراقیان راگەیاندووە، هەرێمی کوردستان رێگەنادات هێزی عێراقی و حەشد لەو شوێنانە جێگیربن.
فەریق جەمال ئیمنیکی، سوپاسالاری پێشمەرگە لە دوایین سەنگەری پێشمەرگە لە زوممار بە رووداوی گوت "پێشمەرگە ئامادەیە تاوەکو ناوچەکە چۆڵ نەکرێت. ئێمە و سەرکردایەتیی کوردستانیش لەگەڵ شەڕ نین بەڵام ئەگەر شەڕمان پێفرۆشرا پێشمەرگە وەڵامی دەبێ".
هاوکات بابەکر زێباری، بەرپرسی میحوەری دیجلە دەڵێت، پێشمەرگە بڕیاری کۆتایی داوە، ئەو دەروازە سنوورییانە و کێڵگەکانی نەوت چۆڵناکەن و نایاندەنە دەست عێراق.

