نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى ئه‌نفالكردنى بارزانييەکاندا: یەکڕیزی تاکە رێگەی سەرکەوتنمانە

31-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ساڵیادی ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵی ئەو کارەساتە "گيانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ئيراده‌ى سه‌ركه‌وتن و ئازادى، لاى ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌گوڕتر كرد"، لە پەیامەکەیدا هەروەها دەڵێ "یەکڕیزی تاکە رێگەی سەرفرازی و سەرکەوتنمانە".
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (31-7-2023) پەیامێکی لەبارەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "له‌م ياده‌ و له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت، جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ى سه‌فرازى و سه‌ركه‌وتنمانه‌."
 
ئەمڕۆ 40 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بێسه‌روشوێنكردنى هه‌شت هه‌زار مێرمنداڵ، گه‌نج، پياو و پيرى بارزانى كه‌ كۆتاييى ته‌ممووز تاوەکو ناوه‌ڕاستى ئابى 1983 له‌ كۆمه‌ڵگه‌ زۆرملێكاندا، بوونه‌ قوربانيى تاوانێكى دڕندانه‌ و هه‌ڵمه‌تێكى ڕه‌شبگيريى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق و ئيدی هه‌رگيز نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.
 
شاڵاوەکانی ئەنفال کە ئێستا لەلایەن عێراق و ژمارەیەک وڵاتانی جیهانی بە جینۆساید ناسێندراوە، هەشت قۆناخی خایاند. سەرەتاش بە ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی دەستیپێکرد. ئامانجی رژێمی به‌عس له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، نه‌ک هه‌ر قڕکردنی کوردان و سڕینه‌وه‌ی شووناسی نه‌ته‌وه‌ییان، به‌ڵکو سووتاندنی ژینگه‌ و ژیانی کوردستانیش بوو.
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی "دەڵێ ده‌ستى يه‌ك به‌ يه‌كى ئه‌و دايكه‌ ميهره‌بان و دڵسۆزانه‌ ماچ ده‌كه‌م"، کە لەدوای ئەنفالکردنی مێردەکانیان، بۆ منداڵەکانیان بوون بە باوک بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیان و پەروەردەکردنیان."
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
ئه‌مڕۆ به‌ ڕێز و شكۆوه‌، يادى چل ساڵه‌ى ئه‌نفالكردن و بێسه‌روشوێنكردنى هه‌شت هه‌زار مێرمنداڵ و گه‌نج و پياو و پيرى بارزانى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ كۆتاييى ته‌ممووز تا ناوه‌ڕاستى ئابى 1983 له‌ كۆمه‌ڵگه‌ زۆرملێكاندا، بوونه‌ قوربانيى تاوانێكى دڕندانه‌ و هه‌ڵمه‌تێكى ڕه‌شبگيريى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق و ئيتر هه‌رگيز نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.
 
به‌ هه‌زاران خێزانى بارزانيى بێ ده‌سه‌ڵات له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانى قوشته‌په‌ و به‌حركه‌ و هه‌رير و سۆران و چه‌ند شوێنێكى ديكه‌، بێ باوك و برا و به‌ هه‌زاران خانمى ڕووسوورى بارزانى، بێ مێرد مانه‌وه‌ و ناچار بوون به‌ ته‌نيا ڕووبه‌ڕووى چاره‌نووسێكى ناديارى سه‌خت ببنه‌وه‌ و به‌رگه‌ى ده‌يان ده‌رده‌سه‌رى و نه‌هامه‌تى بگرن و بمێننه‌وه‌.
 
ئه‌وان بۆ منداڵه‌كانيان بوون به‌ باوك، بۆ په‌يداكردنى بژێوى ژيان و په‌روه‌رده‌كردنيان، ئازار و سه‌ختى و ناخۆشيى زۆريان كێشا. به‌رگه‌ى نه‌بوونى و هه‌ژارى و بێكه‌سييان گرت و به‌ گيانێكى ئاڵنگارييانه‌ى به‌رزه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووى ژيان بوونه‌وه‌ و لێهاتووانه‌ نه‌وه‌يه‌كى نيشتمانپه‌روه‌ر و وڵاتپارێزيان په‌روه‌رده‌ كرد. ده‌ستى يه‌ك به‌ يه‌كى ئه‌و دايكه‌ ميهره‌بان و دڵسۆزانه‌ ماچ ده‌كه‌م.
 
ئه‌نفالكردنى بارزانييان وه‌ك هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان كران، نه‌ك هه‌ر هێز و تينى گه‌له‌كه‌مانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و دیكتاتۆرى خاو نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو گيانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ئيراده‌ى سه‌ركه‌وتن و ئازادى، لاى ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌گوڕتر كرده‌وه و به‌ بڕوايه‌كى پته‌وتره‌وه‌ به‌رده‌وامى به‌ تێكۆشان دا.
 
له‌م ياده‌دا سڵاو و دروود بۆ قوربانييانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان ده‌نێرين و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين. سڵاو و سوپاس و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌و جوامێرانه‌ى له‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى، له‌ هه‌رير و باتاس و سۆران و له‌ هه‌ر كوێ بوون، يارمه‌تيى خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوانى بارزانييان دا و په‌نايان دان.
 
هه‌ر له‌م ياده‌ و له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت، جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ى سه‌فرازى و سه‌ركه‌وتنمانه‌.
 
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".