پارتی پێشنیازێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک دەکات و یەكێتی رەتیدەکاتەوە

31-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ جاری سێیەم لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە، بەڵام نەیتوانی بیانخاتە چوارچێوەی رێککەوتنێکەوە، ناکۆکیی نێوان یەکێتی و پارتی لەبارەی دوو پێشنیازە سەرەکییەکەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە زیاتر بووە.
 
زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تێدەپەڕێت، دوای دەستوەردانی راستەوخۆی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سێ جار کۆکردنەوەی لایەنە پێکهێنەرەکانی، هێشتا نە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەتەوە و نە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردراون.
 
هەرچەندە لە دوای کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە، 29ـی ئایار، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە براوەکانی پێکهێنەری ئەنجوومەنی پارێزگاکە، نووسینگەی سوودانی لە راگەیێندراوێکدا باسی رێککەوتنی لایەنەکانی کردبوو، بەڵام پێناچێت ئاسۆی هیچ رێککەوتنێک هەبێت.
 
محەممەد حافز، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هاوپەیمانی قیادە، کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆبوونەوەی چوارشەممە هیچ رێککەوتن نەکرا، تەنیا ئەوە نەبێت کە بڕیاردراوە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکرێت، بەبێ ئەوەی وادەکەی بۆ دیاری بکرێت".
 
بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک، چاوی لایەنەکان روونتر لەسەر پارێزگاری کەرکووکە؛ محەممەد حافز دەڵێت، "دوو پێشنیاز هەن، یەکەمیان هاوپەیمانیی عەرەبی، قیادە، پارتی و بەرەی تورکمانی پێکەوە پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگار لەنێوان خۆیان بۆ ماوەی 16 مانگ بۆ هەریەکێکیان ئاڵوگۆڕ بکەن".
 
لەبارەی پێشنیازی دووەمیش محەممەد حافز دەڵێت، "یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هاوپەیمانی عەرەبی و کریستیانەکان پێکەوە پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ عەرەب و دوو ساڵ بۆ یەکێتی بێت".
 
بەڵام بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا هێشتا هیچ لەو دوو دیارترین پێشنیازە رێککەوتنی کۆتاییان لەبارەوە نەکراوە. محەممەد حافز گوتی، "هەر رێککەوتنێک لەنێوان بەشێک لە پێکهاتەکان بکرێت، ناڕەزایەتی لایەنەکانی دیکەی لێدەکەوێتەوە، بۆیە ئەم گرێکوێرەیە بەردەوامە".
 
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی هاتبوو، "ئەو کاخەزە سیاسییە پەسندکرا، لەگەڵ تاوتوێکردنی هەندێک تێبینی و پێداچوونەوەیان، هەروەها رێککەوتن لەسەر کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا لە چوارچێوەی وادەیەک کە رێککەوتن لەسەر کاتەکەی کراوە، بۆ دەستپێکردنی رێکارە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی و پەسندکردنی ناوەڕۆکی کاخەزە سیاسییەکە".
 
رۆژی 21ـی کانوونى دووەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکانى پەسند کرد، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەیتوانیوە کۆببێتەوە. 
 

 
ناکۆکیی پارتی و یەکێتی دەگاتە ژوورەکەی سوودانی  
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، یەکێتى پێنج ئەندام و پارتى دوو ئەندامى ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە رۆژی 30ـی مانگی رابردوو هاوپەیمانیێتییەکیان پێکهێنا و 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کریستیانەکان 1 کورسیان بەدەستهێناوە.
 
لە دوایین کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکووک لە رۆژی 29ـی ئەم مانگە، پێشنیازێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، یەکێتی تەواو تووڕەکردووە، پارتی پێشنیازی کردووە، پۆستی پارێزگار لەنێوان بەشێک لە عەرەبەکان، تورکمان و پارتی بۆ سێ ماوەی دیاریکراو ئاڵوگۆڕ بکرێت، یەکەم پارێزگاریش بەر پارتی بکەوێت کە کەسێکی بێلایەنی بۆ دیاری دەکەن، بەڵام نوێنەرەکەی یەکێتی بە تووندی دژایەتیی پێشنیازەکەی کردووە و بە نوێنەری پارتیی گوتووە، "ئەمە تێناپەڕێت و پەرتەوازەکردنی کوردە و سەرناگرێت، چونکە یەکێتی زۆرترین کورسیی وەکو حیزب بەدەستهێناوە و دەبێت پۆستەکە بۆ کورد و لەنێو کوردیش بۆ یەکێتی بێت".
 
ئەو مشتومڕەی نێوان نوێنەرانی یەکێتی و پارتی سوودانی نیگەرانکردووە، بۆیە پێشنیازەکە کە یەکێتی دەڵێت، "پارتی رێککەوتنی لەبارەوە کردووە"، رەتکراوەتەوە.
 
پارتی دەیەوێت لەگەڵ بەشێکی عەرەب و تورکمانەکان رێکبکەوێت، یەکێتیش لەگەڵ بەشێک لە عەرەبەکان و تورکمان، ئەوەی یەکەمیان 7 کورسیی کۆدەکاتەوە، ئەوەی دووەمیش 9 کورسی..
 
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک و سەلاحەدین، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک کراوە، نە وادەی کۆبوونەوەش دیاریکراوە".
 
بەرپرسی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئەوان وەکو یەکێتی پێیانباشە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد بێت، لەنێو کوردیش بۆ یەکێتی بێت، چونکە ئەوان زۆرترین کورسییان هەیە.
 
شێرزاد سەمەد گوتی، "هێشتا رێککەون لەبارەی هیچ کام لەو پێشنیازانەی هەن نەکراوە، پارتی بە ئاشکرا رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەشێک لەلایەنە عەرەبییەکان و تورکمانەکان لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق خستووەتەڕوو، ئێمە دژی ئەو پێشنیازەین و لەگەڵ بەشێک لە عەرەبەکان و کریستیان پێی رازی نین".
 

 
پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکە یەکدیان بەوە تۆمەتبار کردووە هیچیان بە تەنیا ناتوانن نوێنەرایەتی کورد بکەن، ئەوەش وایکردووە بەردێک بخرێتە سەر ئەو رێککەوتنانەی باسکراون و تەنیا کاتی زیاتر دراوەتە لایەنەکان بۆ گفتوگۆی زیاتر.
 
دوای 15 رۆژ لە پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024 لە وەڵامی نووسراوی راکان جبووریی، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، فراکسیۆنە کوردستانییەکان "یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادەی ئەنجوومەنی پارێزگا بوون بۆ کۆبوونەوە، بەڵام نەیانتوانی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان تەواو بکەن، کە نۆ کورسییە. بەو هۆیەوە کۆبوونەوەکە نەکرا.
 
هەریەک لە هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک 3 کورسی، بەرەی تورکمانی 2 کورسی، هاوپەیمانی قیادە 2 کورسی، هاوپەیمانی عرووبە 1 کورسی، ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، کە بە سەرجەمیان خاوەنی هەشت کورسین.
 
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرەی تورکمانی بە رووداوی گوت، "دوو پێشنیازە سەرەکییەکە وەکو خۆیان ماونەتەوە، هیچ شتێکی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی نییە، ئەوەی هەیە پێشنیازەکەی ئێمەیە کە 16ی مانگ پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن بۆ هەر پێکهاتەیەک بێت، دواتر پێکهاتەکان خۆیان رێکبکەون بۆ کام لایەنەیان دەبێت، بەڵام دەبێت رەزامەندیی هەمووانی لەسەر بێت".
 
پێشنیازی دابەشکردنی پۆستەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا بەسەر پێکهاتەکان، بۆ یەکەمجار لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە کرا. ئەحمەد رەمزی دەڵێت، "بەرەی تورکمانی هێشتا دەستی بەو پێشنیازەوە گرتووە کە دەمێکە و پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردوویەتی".
 
هەڵبژاردنی 2023ـی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک نەخشە و خشتەیەکی ئاڵۆزی هێناوەتە کایەوە، جگە لەوەی هیچ کام لە پێکهاتە سەرەکییەکان "کورد، عەرەب و تورکمان" زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەستنەهێناوە، ژمارەی کورسییەکانیان بەشێوەیەک یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوەی بەبێ ئەوانی دیکە بتواندرێت رێکارەکانی ئەنجوومەنی نوێ و پارێزگار تەواو بکات، هەرچەندە بەهۆی تێکەڵەی پارێزگاکەوە، ئەمە بۆ کەرکووک بە "ئەستەم" دەزاندرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە