رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا رایدەگەیێنێت، "گەلەکەمان و ئەزموونە خۆماڵییەکەمان" لەبەردەم دووڕێیانێکی چارەنووسسازدان کە پێویستی بە سازدانەوە، پەرەپێدان و راستکردنەوەی رێڕەو هەیە. دەشڵێت، یەکێتی "لەگەڵ تەبایی و سازانی نیشتمانیدایە."
1ـی حوزەیران یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و ئەم ساڵ 49 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەو حیزبە تێدەپەڕێت.
لە راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی، 31ـی ئایار بڵاویکردووەتەوە هاتووە، "باشترین رێگەچارەی ئاشتی و دیموكراتی بۆ ئەم ئامانجە رەوایانە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە كە پەرلەمان و حكومەتێكی نوێ بێنێتە كایەوە."
حکومەتی نوێ، وەکو یەکێتی دەڵێت، "دەرەقەتی ئەركەكانی قۆناخ بێت و بە دەنگی ئازادی خەڵكی دەرفەتی حکومەتێکی خزمەتگوزارتر بڕەخسێنێ کە داكۆكی و پێداگری لەسەر ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستوری و دیموكراتییەكانی كورد لە بەغدا بكا و بە یەکگرتوویی و بەرپرسیارێتیەوە هەڕەشەكانی بەردەم قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە هەرکوێوە بێت، لە قاوبدات."
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەشی گوتووە، "بە هاوكاری و بەشداریی كارای هێزە دەربەستەكانی ئەزموونی دیموكراتی كوردستان، یەکێتی هەمیشە لەگەڵ تەبایی و سازانی نیشتمانیدایە، لەم یادە پڕ شکۆیەشدا تەئکید لەسەر ئەو پرەنسیپانە دەکاتەوە."
قوباد تاڵەبانی: سەرۆکم پاڵپشتتین
هەر لەو یادەدا قوباد تاڵەبانی لە وتارێکدا سوپاسی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دەکات بۆ کارەکانی بۆ حیزبەکە و دەڵێت، "یەکێتیت خستە سەر رێی سەرکەوتنەکان و شاڕێی ئارامی، گەشەسەندن و بەهێزی، یەکێتیت کردەوە بە چەقی بڕیاری سیاسیی کوردی و هێزی یەکلاکەرەوە. روئیاکانیت نەک تەنها لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو لە عێراقیشدا کردەوە بە نەخشەڕێگای سیاسی. ئەمانە وێستگەی پرشنگدارن و مێژوو تۆماری دەکات."
قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلالە. لە وتارەکەیدا بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "سەرۆکم."
هەروەها نووسیویەتی، "جۆش و خرۆشی یەکێتییانەت لە تاک بەتاکی یەکێتییەکاندا دروست کردەوە و بە پەرۆش و ئامادەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، سەرکەوتنێكی لەیادنەکراو بۆ یەکێتییەکەیان تۆمار بکەن."
بافڵ تاڵەبانی لە کۆتاییەکانی ئابی 2022 لەلایەن ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبەکەی بە سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا. لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووش جارێکی دیکە وەکو سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرایەوە.
قوباد تاڵەبانی بە بافڵ تاڵەبانیی برای دەڵێت: "لەپشتتین، چونکە تۆ بە سنگفراوانی هەوڵی یەکڕیزی و هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانت داوە و کردیشت. لە دیدی تۆدا، هەر جۆرە ناکۆکییەکی نێوان حیزبەکان، دەبێت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا و لە چوارچێوەیەکی گونجاوی ململانێدا بێت و نابێت سەربكێشێت بۆ ریسککردن بە کیانی هەرێمی کوردستانەوە کە بەرهەمی رەنج و خوێن و تێکۆشانی زیاتر لە سەدەیەک لە ئینسانی کوردە."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتێکی سیاسییە لە باشووری کوردستان و شوێنگەی سەرەکیی دەکەوێتە شاری سلێمانی، ئەندامە لە رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالی جیھانیی و لە 1ی حوزەیرانی ساڵی 1975 دامەزراوە.
یەکێتی بانگەشەی وایە: کار بۆ مافی چارەی خۆنووسین، مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکات، سەرەڕای ئاشتی و ئارامی بۆ کورد لە عێراقدا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای پارتی دیموکراتی کوردستان دووەم گەورەترین حیزبە لە هەرێمی کوردستان و لە خولی پێنجەمی پەرلەمان خاوەنی 21 کورسی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ