حەج و عومرەی سلێمانی: دەبێت تاوەکو پێش 26ـی حوزەیران هەموو حاجییان بگەنە مەدینە

31-05-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە رۆژی 10ـی حوزەیرانەوە گەشتی حاجییان بۆ سعودیە دەستپێدەکات و دەبێت تاوەکو پێش 26ـی حوزەیران هەموو حاجییان بگەنە مەدینە. دەشڵێت، ئەمساڵ هەزار و 808 کەس لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دەچنە سعودیە.

کامەران عەلی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ لە کۆتاییدایە و بڕیارە 10ـی حوزەیران یەکەم کاروانی حاجییان بە رێگەی وشکانی بچن و لە 12ـی حوزەیرانیش بە فڕۆکە بچنە سعودیە و تاوەکو 26ـی حوزەیران هەموو ئەوانەی حەج دەکەن بگەنە مەدینە.
 
لەبارەی شێوازی چوونی حاجییانی ئەمساڵ، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی گوتی، ئەمساڵ زۆرینەی حاجییان بە رێگەی ئاسمانی دەچنە سعودییە کە تێچووەکەی 4500 دۆلارە و بە رێگەی وشکانی و بە پاس بە 3800 دۆلارە، کە نزیکەی 15٪ـی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی دەچنە حەج.
 
بەگوتەی کامەران عەلی، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین هەزار و 806 کەس دەچنە حەج، بەشێوەیەک؛ پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین، 1418 کەس؛ ئیدارەی گەرمیان، 262 کەس و پارێزگای هەڵەبجەش 128 کەسن.
 
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ ئەوانەی دەچنە حەج، ئەوانەن کە لە ساڵی 2020 بە تیروپشک ناویان دەرچووە، زۆرینەیان بەتەمەنن بەشێوەیەک کەسیان تێدایە تەمەنی سەرووی 90 ساڵە.
 
لەبارەی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی حەج و عومرە و وەزارەتی ئەوقاف بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، کامەران عەلی ئاماژەی بەوەکرد، هەموو ئامادەکارییەکی پێویست بۆ چوونی حاجییان کراوە و لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی حەج و عومرە رێنمایی پێویست لەبارەی حەج و گەشتەکەیان پێشکێش بە حاجییان کراوە و لە وڵاتی سعودیە هۆتێل و شوێنی مانەوەی پێویست دابینکراوە بۆ حاجییان، هەروەک هاوئاهەنگی پێویست کراوە بۆ گەشتی ئەو حاجییانەی بە رێگەی وشکانی دەچنە سعودیە و هەموو تیمەکانی سەرپەرشتیکردنی حاجییان لەژێر چاودێریدان.
 
رۆژی سێشەممە، 30-05-2023، یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق بەرەو سعودیە بەڕێکەوت. نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "گەشتی حاجییانی هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازن و لە یەک کاتدا نین، یەکەم گەشتی ئاسمانیی حاجییانی هەرێمی کوردستان 12ـی حوزەیران و یەکەم گەشتی وشکانیش 9ـی حەزەیران دەستپێدەکات".
 
بۆ ئەمساڵ، تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4500 و بە وشکانیش 3800 دۆلار دیاریکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە