لە کەشناسانەوە بۆ جووتیاران: بارانی دڵخۆشکەر بەڕێوەیە

31-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو، ئەم ساڵ بارانی کەمتر باریوە و لە چەند ناوچەیەک مەترسی و نیشانەکانی وشکەساڵی دەرکەوتوون. بەڵام کەشناسان دەڵێن، هەفتەی داهاتوو شەپۆلێک بارانی "بە سوود بۆ دانەوێڵە" تەواوی باشووری کوردستان دەگرێتەوە.
 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەردەستی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەولێر 72.2 ملیمەتر باران باریوە، لە سلێمانی 209 ملیمەتر، لە دهۆک 37.6 ملیمەتر و لە هەڵەبجەش 255.1 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا لە هەر چوار پارێزگاکە ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت بارانی زیاتر باریوە.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانی پێنج، شەش و حەوتی مانگی داهاتوو، شەپۆلێکی باران، بەفر و سەرما لە دەریای نێوەڕاستەوە دەگاتە باشووری کوردستان".
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، بارانەکە سەرتاسەری دەبێت و بۆ جووتیاران "دڵخۆشکەر دەبێ".
 
محەممەد کەمال کە لە ماڵپەڕە بەنێوبانگەکانی جیهانەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی کەشوهەوای کوردستان دەکات، ئاماژە بەوە دەکات لە ناوچە شاخەوییەکانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان رۆژی حەوتی شوبات ئەگەری بەفربارین هەیە.
 
بەگوتەی ئەو کەشناسە:  "حەوتی شوبات لەناوەندی چەند شارێکیش بڕێکی کەم بەفر دەبارێت، بەتایبەت لە شارەکانی سلێمانی، سۆران و قەزای دەربەندیخان".
 
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسەکان، بڕیارە لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا لە 15 بۆ 45 ملیمەتر باران لە ناوچە جیاکان ببارێت، کە بە گوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: هەولێر 30 بۆ 35 ملیمەتر
سلێمانی: 40 بۆ 45 ملیمەتر
دهۆک: 30 بۆ 35 ملیمەتر
هەلەبجە: 15 بۆ 25 ملیمەتر
کەرکووک: 13 بۆ 17 ملیمەتر
گەرمیان: 15 بۆ 30 ملیمەتر 
 
هەر ئەمڕۆ شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسیی بە رووداوی گوت: "بڕی بارانەکە دڵخۆشکەرە و سوودی باشی بۆ دانەوێڵە دەبێت و سەرتاسەریشە".
 
ئەو کەشناسە دەڵێ، ئەگەر گۆڕانکاری خێرا روونەدات، لەو شەپۆلە سێ رۆژییەدا بارانی پێویست بۆ دانەوێڵە دەبارێت. دەشڵێت: "شەپۆلەکە سەرماشی لەگەڵ دایە".
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا و قسەی کەشناسەکان، لەو سێ رۆژەی مانگی شوباتدا بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما نزیکەی هەشت پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
 
هەر ئەمڕۆ هەینی کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندرواێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما دادبەزێت و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێکی دیکە دادەبەزێت".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان کە پێشبینی تەنیا 48 کاژێر بڵاو دەکاتەوە، باسی لە بارانبارین نەکردووە و رایگەیاندووە، "سبەی ئاسمان هەور دەبێت".
 
ساڵی رابردوو بڕی پێویست بۆ بەرهەمی دانەوێڵە باران باری و بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک تۆنی تێپەڕاند، لەو بڕە حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.
 
ساڵی 2023 حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگرت؛ هەرچی ساڵی ساڵی 2022ـە بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

قوباد تاڵەبانی: ئەرکی هەموو لایەکمانە پێشوازی لە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان بکەین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکات و دەڵێت، "ئەرکی هەموو لایەکمانە پێشوازی لە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان بکەین و لە هەر چەشنە هاوکاری و پشتیوانییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە درێخی نەکەین."