رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، گەلی کورد دەیان ساڵە لەپێناو مافەکانیدا خەبات دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا پرسی کورد، بووەتە رۆژەڤی هەموو جیهان.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی هەینی 31ی کانوونی دووەمی 2025 لە پانێلێکدا لە ئیستەنبووڵ، لەبارەی چەند پرسێک قسەی کرد.
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی، پرسی کورد لە تورکیا بە خەباتی نزیکەی 50 ساڵی گەلی کورد بووەتە پرسێکی گرنگ؛ راشیگەیاند، "ئەو خەباتەی گەلی کورد لە تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران لەپێناو ناسنامە و سەربەخۆییدا کردوویەتی زۆر گرنگ و بایەخدارە. ئیدی ئەمە بەتەنیا رۆژەڤی ناوچەکە و ئەم وڵاتانە نییە، بەڵکو رۆژەڤی هەموو جیهانە."
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لە گرنگیی رۆڵی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا کردەوە و باسی لەوەش کرد، "ئەگەر سەبارەت بە ئاشتی، هیوایەکی بچووکیش دەربکەوێت و دەرگەیەک هەبێت، دەمانەوێت لەگەڵ هەموو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان ئەم دەرگەیە بەتەواوی بە رووی دیموکراسیدا بکەینەوە."
دەربارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش، هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی، "کوردی سووریا داکۆکی لە پێکەوە ژیانی هەموو گەل و پێکهاتە ئایینییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ