رووداو - رادیۆ
لە بازاڕی "پەنجا عەلی" لە شاری کەرکووک، دووکانداران و کاسبکاران ناڕەزایەتی بەرامبەر گرانکردنی نرخی کارەبای موەلیدە دەردەبڕن و دەڵێن، خاوەن موەلیدەیەک بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیارە فەرمییەکان، بۆ هەر ئەمپێرێک بڕی 3 هەزار دیناری خستووەتە سەر نرخەکان.
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، کاسبکارانی ئەو بازاڕە باس لەوە دەکەن کە لەم دۆخە سستەی بازاڕدا، ئەم هەنگاوە بارگرانییەکی گەورەی بۆ دروست کردوون. دووکانداران دەڵێن، خاوەن موەلیدەکە "بە ئارەزووی خۆی" نرخەکەی گۆڕیوە و پابەندی ئەو نرخە نەبووە کە مانگانە لەلایەن قایمقامیەتی کەرکووکەوە بەپێی کاژێرەکانی کارکردن دیاری دەکرێت.
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ بەدواداچوونی سکاڵای ئەو کاسبکارانە، پەیوەندی بە لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی کەرکووکەوە کرد. ئەرکان شوانی، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی کەرکووک، پشتڕاستی کردەوە کە ئەوان ئاگاداری کێشەی بازاڕی پەنجا عەلین.
ئەرکان شوانی رایگەیاند: "ئێمە ئاگاداری ئەو زیادکردنە نایاساییەین کە لەلایەن خاوەن موەلیدەکەوە کراوە، بۆیە ئاگادارمان کردووەتەوە بەپەلە بێتە قایمقامیەت بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت."
سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان جەختی کردەوە، هیچ خاوەن موەلیدەیەک مافی ئەوەی نییە بەبێ بڕیاری فەرمیی لیژنەکە نرخ زیادبکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە کاسبکارانی بازاڕەکەیان دڵنیا کردووەتەوە سکاڵاکەیان گەیشتووە و رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.
ئەرکان شوانی گوتیشی: "پێمانگوتووە وەرە بۆ لای لیژنە، لەوێ بڕیاری کۆتایی دەدرێت و ناهێڵین هیچ کێشەیەک بۆ خەڵکەکە دروست ببێت."
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە، ساڵانە لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکان و گۆڕانی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، نرخی موەلیدە ئەهلییەکان دەبێتە جێگەی مشتومڕی نێوان هاونیشتمانییان و خاوەن موەلیدەکان لە کەرکووک.



.jpg&w=3840&q=75)