رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی دەچنەوە بەغدا بۆ تەواوکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت: "کۆبوونەوەکانی ئەمجارە بۆ رێککەوتنی کۆتایی و یەکلاییکردنەوەی پرسی بودجەیە".
فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، شاندەکە ئەمڕۆ دەچنەوە بەغدا. گوتیشی: "کۆبوونەوەکانی ئەمجارە گرنگ و یەکلاکەرەوەن، چونکە ئەم هەفتەیە دەبێت بابەتی تاوتوێکردنی بودجە کۆتایی بێت و دەنێردرێ بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت".
لەبارەی نێوەڕۆکی گفتوگۆکان و بابەتی داهات و نەوتی هەرێمی کوردستان، فارس عیسا دەڵێت: "هەموو زانیارییەکان لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران کراون، پێشتریش زانیارییە وردەکان لەلای کۆمپانیای سۆمۆ هەبوون و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دەستیان کەوتوون".
ئەندامانی لیژنەکانی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆچوونی جیاوازیان هەن لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. فارس عیسا بە ئاماژەدان بەو ناکۆکی و بۆچوونە جیاوازانەی نێو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئەندامانی ئەو لیژنەیە سەر بە پارتی سیاسیی جیاوازن، بێگومان دانوستاندنەکان چەند تەکنیکی بن، ئەوەندەش رەهەندی سیاسییان هەیە".
هەڵوێستی لایەنە شیعەکان لەسەر پشکی کوردستان لە بودجەدا
هاوپەیمانیی سائیروون
خاوەنی 54 کورسییە لە پەرلەمانی عێراق، دەیانەوێت هەرێمی هەموو دۆسێی نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بکرێت.
هاوپەیمانی فەتح
ئەم هاوپەیمانێتییە 47 کورسییان لە پەرلەمان هەیە، نەرمتر لە لایەنەکانی دیکەی شیعە دەردەکەون. هادی عامری کە سەرۆکایەتیی ئەو هاوپەیمانێتییە دەکات، باسی ئەوەی کردووە، "کورد و دەسەڵاتدارەکانی ئێستا پێکەوە خەباتمان کردووە، بۆیە دەتوانین پێکەوە کێشە لە دوای کێشە چارەسەری بکەین".
دەوڵەتی یاسا
بە هەمانشێوەی سائیروون داوای رادەستکردنی دۆسێی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات. عەبدولهادی مۆحان، ئەندامی لیژنەی دارایی لە دەوڵەتی یاسا، کە سەر بە نووری مالیکی، سەرۆکی حیزبی دەعوەن تووندە بەرامبەر بە شایستە داراییەکانی کوردستان. ئەم هاوپەیمانێتییە 25 کورسی پەرلەمانیان هەیە.
هاوپەیمانی نەسر
خاوەنی 42 کورسین و سەر بە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقن. ئەوان دەڵێن: "دەستوور بکرێتە بنەمای چارەسەری کێشەکان".
رەوتی حیکمە
عەممار حەکیم سەرۆکایەتییان دەکات و 19 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە. ئەوان دەڵێن: "دەبێت پرسی نەوت لە دەستی حکومەتی عێراق بێت، نابێت نەوت بە دەست کوردەوە بێت".
لە هەڵوێستی لایەنەکانی شیعەدا دیارە ، کە لە فیدراڵییەتی عێراق پەشیمان بوونەوەتەوە و بە هەموو جۆرێک هەوڵی ئەوە دەدەن دۆسێی نەوت بەتەواوی لە دەست کورد دەربێنن و بیخەنەوە ژێر دەستی حکومەتی ناوەند.
دەستکاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دوای ئەوەی پێشتر رێککەوتنی لەسەر کرابوو، بابەتێکی دیکەی جێگەی مشتومڕی هەولێر و بەغدایە. بەتایبەت ترسی ئەوە هەیە دوای گفتوگۆکانی لیژنەی داراییش، بەشێوەیەک بنێردرێتە پەرلەمان کە بە دڵی کورد نەبێت و تێپەڕێنرێت.
فارس عیسا، نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هیوادارین ئەزموونی ساڵانی پێشوو دووبارە نەبێتەوە، چونکە کاریگەریی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەبێت، رێککەوتنێک هەیە و دەبێت هەمووان پێیەوە پابەند بن".
جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش کۆدەبێتەوە. ئەوەش بۆ ئامادەکارییە بە مەبەستی دوارێککەوتن و چۆنێتی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 لە پەرلەمان.
قەبارەی پرۆژەیاسای بودجە لە 164 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 127 تریلیۆن و 500 ملیار دینار کەمکرایەوە، نرخی نەوت لە 42 دۆلارەوە زیادکرا بۆ 45 دۆلار، داهات لە 93 تریلیۆن دینارەوە بۆ 98 تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادکرا ، کورتهێنان لە زیاتر لە 71 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 29 تریلیۆن دینار کەمکرایەوە.
بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە زیاتر لە 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریکرابوو، بەڵام کەمدەبێتەوە، بە رێژەش 12.67%ـی بودجەی فیدراڵی خەرجکراوی ساڵی 2021 دەبێت، بەڵام بڕی بەشە بودجەکە هێشتا بە دینار دیارینەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ