رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی پرۆژەی (کۆریس)دا، ئامارە نوێیەکانی کەرتی زەیتوونی خستەڕوو و رایگەیاند، ساڵانە نزیکەی 8 هەزار تۆن زەیتوون بەرهەمدەهێندرێت. راشیگەیاند، لە دەشتی کۆیە دارزەیتوونێکی خۆرسک دۆزراوەتەوە، تەمەنی سەرووی هەزار ساڵە و کوڵێتییەکەی بێوێنەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی پرۆژەی (کۆریس) بۆ پەرەپێدانی زەیتی زەیتوون لە کوردستان بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەکەدا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەزیری کشتوکاڵ گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی گرنگە بۆ پرۆسەی باخداری و دانانی نەخشەی پەرەپێدانی زەیتوون لە ناوچەکەدا."
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، پەروەردەکردنی زەیتوون، بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی کارێکی گرنگە؛ هاوکات بتوانرێت بکرێتە براندێک و رکابەریی بەرهەمە هاوردەکان بکات کە ئێستا لە بازاڕەکاندا هەن.
بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی پرۆژەی (کۆریس) گوتی: "کۆتا ئیڤێنتی زەیتوونە، پرۆژەکە ئامانجی بەهێزکردنی ناوچە گوندنشینەکان و بەردەوام پەرەپێدانی بەهای رۆنی زەیتوونە، کە لەلایەن دەزگای گەشەپێدانی ئیتاڵیاوە پاڵپشتیکراوە."
لە کۆیە دارزەیتوونێکی تەمەن هەزار ساڵە دۆزراوەتەوە
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ چاندن و بەرهەمهێنانی زەیتووندا هەیە. لە ئەنجامی پرۆژەکەدا دەرکەوتووە کە دارێکی خۆرسک لە گوندی حاجی قەڵای دەشتی کۆیە دۆزراوەتەوە کە تەمەنی سەرووی هەزار ساڵە. کواڵێتییەکەی لەگەڵ هەموو ئەو دارانەی ئێستا لە دنیادا بەرهەمدەدەن، جیاوازە.
زەیتوونی کوردستان بە ژمارە
بەگوێرەی ئاماری وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئێستا 279 باخەوانی زەیتوون هەن. بەرهەمی ساڵانەی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 7500 بۆ 8000 تۆن. نزیکەی 52 هەزار دۆنم زەوی بە زەیتوون داچێندراوە. سێ ملیۆن و 963 هەزار و 745 دار بەرهەمیان هەیە.
بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "چەندین ئاڵنگاریمان هەن؛ تائێستا 5%ـی جووتیاران لە کۆمەڵە هەرەوەزییەکاندا ئەندامن؛ لەکاتێکدا جووتیاران رەزامەندی و ئارەزووی خۆیان بۆ کارە هەرەوەزییەکان دەربڕیوە. بەرزیی تێچووی کار و دواکەوتنی پرۆسەی گوشین کێشەن بۆ ئەوەی بەشێک لە بەرهەمی زەیتوون لەنێوبچێت."
وەزارەتی کشتوکاڵ: کاردەکەین رۆنی زەیتوونی کوردستان بکەینە براند
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، پێویستە سیستمێکی پلەبەندی بۆ هاوردەی رۆنی زەیتوونی ساختە و نادادپەروەرانە دابنرێت، ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی پرۆسەکە.
رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2026 لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە بۆ رێکخستنی مۆڵەتپێدانی کارگەکانی گوشینی زەیتوون دەرچوو؛ بەڵام بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت: "هێشتا پێویستمان بە بەهێزکردنی سیستمەکانی کواڵێتیی کۆنترۆڵی پێدانی بڕوانامەی ئۆرگانیک و ئاماژە جیۆگرافییەکان هەیە."
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە هەموو شێوەکان کار بۆ پەرەپێدانی زەیتوون دەکەن؛ ئاسانکاری بۆ مۆڵەتی گوشین و مامەڵەکانیان لەگەڵ بەرهەمدا دوای چنینەوە باشتردەکەن.


