رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، رێگری کارکردنیان لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە بەردەوامە. بەرپرسی لیژنەی کشتوکاڵیش لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، سبەی کێشەی جووتیاران تاوتوێ دەکەن.
محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ رێگە نادریت کار لە زەوییەکانمان بکەین، بەڵام بەڵێنێک دراوە بۆ یەکشەممەی داهاتوو نووسراوی کارکردنمان بۆ دەربکرێت".
هەر ئەمڕۆ عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک کۆدەبنەوە و بابەتەکە تاوتوێ دەکەن؛ گوتیشی، "ئەم دۆسێیە دەبێت بە لێکتێگەیشتن چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە".
08-11-2024 لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی چاندن، جارێکی دیکە کێشە بۆ جووتیارانی کورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دروستبوو و هێزێکی سوپای عێراق بە جووتیارانی کوردی سنوورەکەیان گوت، نابێت زەوییەکانیان بکێڵن.
دوێنێ هەینی 29-11-2024 یش هێزێکی سوپای عێراق چوونەوە سنووری سەرگەڕان و بە جووتیارانی کوردیان گوت، نابێت کار لە زەوییەکانیان بکەن.
کێشەکە لە چوار گوندی سنوورەکەیە کە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکەن. سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە جووتیاران دەڵێت، زۆرینەی ئەو زەوییانەی رێگری کارکردنیان تێدا دەکرێت دەبوو ئێستا بە گەنم چێندرابان، چونکە لە رێگەی سیستمی ئاودێرییەوە ئاودەدرێن و پشت بە باران نابەستن.
لە سەروبەندی کاتی دروێنەی دانەوێڵەدا لە 26ی نیسانی ئەم ساڵ بە فەرمانی هێزێکی سوپای عێراق رێگە نەدرا جووتیارانی پێنج گوند لە ناحیەی سەرگەڕان دروێنە بکەن. دواتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە 15ی ئایاردا لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی عێراق چووە سنوورەکە و دروێنەکە کرا.
ئەو زەوییانەی لەو چوار گوندەدا عەرەبی هاوردە ئاستەنگیان بۆ جووتیارەکانیان دروستکردووە رووبەرەکەی نزیکەی 40 هەزار دۆنم دەبێت.
زۆربەی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە چەندین جار کێشە و ئاستەنگیان بۆ کوردی ئەو ناوچەیە دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ