ئەگەر تانەکان ئەنجامی هەڵبژاردنیان نەگۆڕی، رێگەی دیکە لەبەردەم لایەنە ناڕازییەکان هەیە؟

30-10-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندرا. بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دوای یەکلاییکردنەوەی تانەکان ئیدی حیزب و بەربژێرەکان مافی دووبارە تانەدانیان لە هەڵبژاردن نامێنێت و هیچ شوێنێک نییە بتوانن سکاڵای لێ تۆمار بکەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەم نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای کۆتاییهاتنی ئەو کاتەی بۆ تانەدان دیاریکراوە، سکاڵاکان دەڕۆن بۆ لای دەستەی دادوەری، ئەوان ئەنجامی تانەکان یەکلایی دەکەنەوە، کە ئەنجامی تانەکان راگەیێندران، ئیدی هیچ حیزب و بەربژێرێک مافی دووبارە تانەدانیان لە هەڵبژاردن نامێنێت و هیچ شوێنێک نییە بتوانن سکاڵای لێ تۆمار بکەن."
 
بەپێی یاسا، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، حیزبەکان و بەربژێرەکان سێ رۆژیان بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هەیە، دوای ئەوەی سکاڵا تۆمار کرا، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانیش لە 10 رۆژدا تانەکان یەکلایی دەکاتەوە.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی پێنجشەممە 31ی تشرینی یەکەم، دەست بە وەرگرتنی تانەکان دەکرێت. رۆژی هەینیش نووسینگەکانی کۆمیسیۆن بۆ وەرگرتنی تانەکان کراوە دەبن تاوەکو رۆژی یەکشەممە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە کاژێر 10:00 لە باڵەخانەی لیژنەی ناوەندیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندرا.
 
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی، ژمارەی کورسیی لایەنەکان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە:
 
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
رەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

جەمال کۆچەر: عێراق لەبەر مەترسیی هێرشی ئیسرائیل دەیەوێت هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بە لیژنەکەیانی راگەیاندوە، ترسیان هەیە ئیسرائیل بەندەری فاو بۆردوومان بکات، بۆیە دەیانەوێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.