کچێکی ئۆکراینی لە هەولێر خۆی فێری 6 زمان دەکات؛ لە قوتابخانەیەکی تایبەتیش بە کوردی دەخوێنێت

31-10-2023
لیلیا میراوتسا
لیلیا میراوتسا
 ئاناستاسیا، کچێکی 11 ساڵی خەڵکی شاری چێرکاسی ئۆکراینایە و لە قوتابخانەیەکی تایبەتی هەولێر دەخوێنێت
ئاناستاسیا، کچێکی 11 ساڵی خەڵکی شاری چێرکاسی ئۆکراینایە و لە قوتابخانەیەکی تایبەتی هەولێر دەخوێنێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاناستاسیا، کچێکی 11 ساڵی خەڵکی شاری چێرکاسی ئۆکراینایە. پێش جەنگ، لەگەڵ دایکی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و نزیکەی 3 ساڵە لە هەولێر دەژین. ئاناستاسیا سەرەڕای دووری لە وڵات و خەڵکی خۆی، بەڵام حەز و خولیای بۆ فێربوونی زمانەکان وایکردوو، بەشێکی زۆری کاتەکانی ژیانی بۆ فێربوونی 6 زمان تەرخان بکات.
 
ئاناستاسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژەکەم لە کاژێری 06:00ی بەیانی دەست پێدەکات، کاژێری 07:00ی بەیانی پاسی قوتابخانە دەگاتە لامان، کاژێری 8:15 خوێندن دەستپێدەکات. هەموو شتێک وەک ئۆکراینایە، بەڵام جیاوازی ئەوەیە کە لە یەک کاتدا 26 بابەت دەخوێنم لەبری 12 بابەت."
 
ئەو کچە ئۆکراینییە، لە ماوەی خوێندنی دا لە هەرێمی کوردستان، زۆر هاوڕێی نوێی پەیدا کردووە. لینا عەبدوڵڵا، قوتابی دەڵێت، "ئاناستاسیا هاوڕێمە و خەڵکی ئۆکراینایە، زۆر حەزی لە تۆپی پێ و هونەرە. باسی هاوڕێ و مامۆستاکانی لە ئۆکراینا بۆ کردم. ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆر بیریان دەکات، بەڵام لەم وڵاتەدا زۆر باشترە لەگەڵ هەموومان و هەموومان زۆرمان خۆشدەوێت."
 
لە قوتابخانەیەکی تایبەتدا لە هەولێر، نزیکەی 1000 قوتابی دەخوێنن کە زۆربەیان بیانین یان ئەو کوردانەن کە لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان. ئاناستاسیا تاکە قوتابیی ئوکراینییە کە بە کوردی دەخوێنێت.
 
چرا عەبدولجەبار، مامۆستای زمانی کوردی باس لەوە دەکات، "سەبارەت بە ئاناستاسیا کە لای ئێمەیە، لە کوردیدا زۆر هەوڵی خۆی دەدات بەڕاستی. بۆ نموونە پیتەکانی ح مان هەیە، خ مان هەیە، هەموو پیتە کوردییەکان، ئەو پیتانە کە لە دەربڕیندا قورسن، کەمێک زەحمەتە بۆی، بەڵام هەوڵی خۆی دەدات."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئۆکراینا، کە بە رووداو دراون، بەهۆی جەنگەوە، لانیکەم 386 هەزار 281 قوتابی و 8070 مامۆستا ئۆکراینایان بەجێهێشتووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە