رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانی بەخوڕ، لە چەند شوێنێکی شاری هەولێر لافاو دروستبووە، دیارترینیان شەقامی 150 مەتری و گوندی کۆرییە کە بەهۆیەوە چەند ئۆتۆمبێلێک لەنێو لافاودا ماونەتەوە و سەتان ئۆتۆمبێلیش کێشەی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە و لەسەر شەقامەکە گیریانخواردووە.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر لەسەر شەقامی 150 مەتریی هەولێر قسەی لەگەڵ بەشێک لە هاونیشتمانیان لە گوندی کۆری کردووە و ئاماژەیان بەوە کرد کە لافاو چووەتە نێو چەند ماڵێکەوە.
لافاوەکە بەشێوەیەکە لەو بەشانەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر ئۆتۆمبێلەکان توانای هاتووچۆیان نییە. دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک لە شەقامەکە و سیتی و پرۆژەکان کێشەی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە.
هاونیشتمانییەک قسەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دراوسێیەکیان ژێرئاو کەوتووە و ئەوان دەریانهێناوە. هاونیشتمانییەکی دیکەش گوتی، بەهۆی لافاوەکەوە ئۆتۆمبێلەکەی لەکارکەوتووە.
ئومێد خۆشناو داوای هاوکاری لە هاونیشتمانییان دەکات
پارێزگاری هەولێر داوا لە هاونیشتمانییان دەکات کە نەچنە ئەو گەڕەک و شوێنانەی لافاو تێیاندا دروستبووە. ئومێد خۆشناو، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوای هاوکاریی لە هاونیشتمانییان دەکات و دەڵێت، "نەچنە ئەو گەڕەک و شوێنانەی کە لافاو تێیاندا دروستبووە بۆ ئەوەی تیمەکانی فریاکەوتن بتوانن بە زووترین کات بگەنە ئەو گەڕەک و شوێنانە."
ئومێد خۆشناو گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە و تیمەکانمان بڵاوەیان پێکراوە و خۆم سەرپەرشتییان دەکەم، بەڵام داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم بە ئۆتۆمبێلەوە نەچنە ئەو شوێنانەی لافاویان تێدا هەڵساوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ