بەرپرسێکی یەکێتی: هەشت هەزار عەرەب هاتوونەتە ناوچە کوردستانییەکانی دیالە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ژمارەیەک عەرەبی هاوردە لە سنووری کەرکووک.
ژمارەیەک عەرەبی هاوردە لە سنووری کەرکووک.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کارگێڕی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی داوا لە هاونیشتمانییانی ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای دیالە دەکات بۆ سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەکە، گوتیشی، زیاتر لە حەوت هەزار هاونیشتمانی، قەزا و ناحیەکانیان جێهێشتووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 30-09-2024، هۆشیار ئیسماعیل، کارگێڕی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیکرد، رایگەیاند: ''زیاتر لە حەوت هەزار هاونیشتمانیی نیشتەجێی ناوچە کوردنشینەکانی پارێزگای دیالە کۆچیان کردووە بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان.''
 
هۆشیار ئیسماعیل  گوتی، زیاتر لە هەشت هەزار عەرەبی هاوردەش هاتوونەتە خانەقین، جەلەولا، سەعدیە، جەبارە، قەرەتەپە و مەندەلیی سەر بە پارێزگاکە.
 
پارێزگای دیالە حەوت قەزا و 19 ناحیەی هەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی یەک ملیۆن و 860 هەزار کەسە. قەزاکانی خانەقین و مەندەلی، هەروەها ناحیەکانی جەلەولا، سەعدیە، جەبارە و قەرەتەپە کوردنشینن.
 
هۆشیار ئیسماعیل گوتی، ژمارەیەک کورد لە قەزا و ناحیە کوردنشینەکانی پارێزگاکە، بە سێ قۆناخ بەر لە ساڵی 2003، دوای هێرشی داعش لە ساڵی 2014 و دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان جێهێشتیووە و روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
بڕیارە لە 20ى تشرینى دووەم لە عێراق و هەرێمى کوردستان سەرژمێریی گشتی بکرێت. کارگێڕی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکات کە قەزای خانەقین، مەندەلی و ناحیەکانی دەوروبەریان جێهێشتووە، بۆ پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان بگەڕێنەوە ناوچەکە و بۆ سەرژمێری ناویان لەوێ تۆمار بکەن.
 
هۆشیار ئیسماعیل دەڵێت: ''ئەگەر ئەو هاونیشتمانییانە بگەڕێنەوە، ژمارەی دانیشتووانمان زیاد دەکات، ئەوە یەکێک لە داواکارییەکانمانە''. گوتیشی، نابێ ئەو سەرژمێرییە ببێتە بنەما بۆ جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 و داوا لە سەرۆککۆمار و لایەنە کوردستانییەکان دەکات، رێگە نەدەن پڕۆسەکە زیان بە جێبەجێکردنی مادەی 140 بگەیێنێت
 
لە عێراق، لە 1ـی ئەیلوولەوە ژمارەلێدان و گەمارۆسازی دەستیپێکردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سبەی دەستپێدەکات، کارگێڕی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی گوتی: ''هاونیشتمانییان 22 رۆژیان کات هەیە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان یان بۆ ماڵی خزمێکیان لە خانەقین و مەندەلی، بۆ ئەوەی لە پڕۆسەی گەمارۆسازی و سەرژمێریدا ناویان تۆمار بکەن.''
 
هۆشیار ئیسماعیل هۆشداری دەدات، ''بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی پلاندانان، ئەو عەرەبانەی کە هاتوونەتە ناوچە کوردستانییەکان، وەکو خەڵکی ئەو شوێنە هەژمار دەکرێن و بەو شێوەیە ناویان لە سەرژمێرییەکەدا تۆمار دەکرێت''.
 
بەگوتەی کارگێڕی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی، لەم قۆناخەدا، 75٪ـی پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدانی قەزای خانەقین تەواو بووە، لە سەعدیە 95٪، لە جەلەولا 70٪، هەروەها لە قەزا و ناحیەکانی دیکەی پارێزگای دیالەش 70٪ بۆ 95٪ـی پڕۆسەکە تەواو کراوە.
 
هۆشیار ئیسماعیل جەختی لەوە کردەوە، لە ئەگەری نەگەڕانەوەی جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای دیالە بۆ پڕۆسەی سەرژمێری، ''مەترسی لەسەر هەڵوەشانەوەی گرێبەستی زەویی ئەو جووتیارانە هەیە کە ئێستا نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن؛ بۆیە پێویستە ئەوانە بۆ پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان بگەڕێنەوە ناوچە کوردستانییەکان.''
 
بەگوێرەی رێککەوتنی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە ناوچە دابڕاوەکان و کەرکووک، لە هەموو شوێنەکان ژمێرکارەکان سێ ئەندامن: کورد، عەرەب و تورکمان. هەرسێکیان پێکەوە تەماشای نووسینەکان دەکەن، یەک تابلێت پێکەوە دەنووسن، بەڵام داوایەکی کورد کە تاوەکو ئێستاش گفتوگۆی لەسەرە، زیادکردنی فۆرمی کاخەزییە، واتە هاوشانی تابلێتەکە، لەسەر کاخەز بە دوو کۆپیی تۆمار بکرێت کە کۆپییەکی بۆ هەولێر و ئەوی دیکەیان بۆ بەغدا بێت. 
 
ئەو سەرژمێرییە بۆ کۆمەڵێک مەبەست سوودی لێوەردەگیرێت، وەکو ژمارەی دانیشتووان، دیاریکردنی بودجەی پارێزگاکان و دیاریکردنی کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە