ئاستی پیسبوونی هەوا لە هەولێر سێ هێندەی ستانداردی جیهانییە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
لیلیا میراوتسا
لیلیا میراوتسا
پیسبوونی هەوا لە هەرێمی کوردستان
پیسبوونی هەوا لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هەوری رەش ئاسمانی هەر چوار پارێزگەی هەرێمی کوردستانی داپۆشیوە. دووکەڵی کارگە، پاڵاوگە، ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان دەچنە ئاسمان و لەگەڵ هەڵمژینی ئۆکسجین، دێنە نێو سییەکانی هاونیشتمانیانەوە.
 
دیمەنەکە بۆ پایتەخت بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە و بە ئاشکرا کاریگەرییەکانی دەبیندرێت. 
 
پشتیوان محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی مامزاوا لە هەولێر دەڵێ "شەوانە بۆنەکە لە کارگەی شیش دەردەچێت. پەیوەندی بە ئێمە نییە کار دەکەن یان نا، بەڵام شەوان کە بۆن دێت بەڕاستی خەڵکی بێزار کردووە، ژینگە بێزار دەکات. زۆرجار شەوانە دەچینە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانین غازەکە داگیرساوە یان نا، بەڵام غاز نییە. دەتوانیت بە هەر شەقامێکدا بڕۆیت، هەموو شەقامێک ئەم بۆنەی لێ دێت."
 
دانیشتوویەکی دیکەی مامزاوا بە ناوی محەممەد عەلی دەڵێ، "بۆنی زۆر زۆر ناخۆشە، وەک بۆنێکی کیمیایی، کاتێک هەناسە دەدەیت، سییەکان بچووک دەکاتەوە، ناتوانی هەناسە بدەیت واتە کاریگەرییەکی زۆری هەیە... بۆ جاری دووەم و سێیەم دەڵێم، شەوانە بەهۆی کۆکەی دراوسێکەمەوە لە خەو هەڵدەستم، کۆکە دوای کۆکە."
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە تیمی رووداو لەگەڵ خەڵک قسەیان کرد.
 
دیدار عەبدولستار کاسبکارە و دەڵێ "ژینگە خۆش نییە، بەهۆی کۆمپانیا، ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان. زۆر شت ژینگەی تێکداوە بەڕاستی. ژینگەی گوندان جیاوازە لەگەڵ ژینگەی شارەکان. هەوای پاکمان هەیە، داری زۆرمان هەیە لە دەوروبەمان، کە ژینگە دەپارێزێت، بەڵام لە هەولێر هێندەی پێویست دار نییە."
 
محەممەد جەلیل، شۆفێری تاکسییە و دەڵێ "لەڕاستیدا مۆلیدە و سپلیت و کارگەکان ژینگە پیس دەکەن، ئێستا بەشێکی زۆری موەلیدەکانی سەر شەقامەکان دووکەڵ دەردەکەن، خەڵک بێزار دەبێت بەڕاستی، بەهۆی ئەوەوە ژینگە پیس دەبێت و هەوا پیس دەبێت و دەبێتە هۆی نەخۆشی."
 
شۆفێرێکی دیکەی تاکسی بەناوی سیروان نەزم چووەتە لای پاڵاوگەی کەڵەک لە سنووری هەولێر، دەڵێ "تەنانەت ڤیدیۆیەکیشم تۆمار کرد، ئەو پاڵاوگەیە نزیک خەباتە، گەڕەکەکانی ئەوێ هەر هەمووی ئەو دووکەڵە بە گشتی دایپۆشیون."
 
پسپۆڕێکی ژینگە لەبەردەم کامێرای رووداو بە سێ ئامێری تایبەت بە پێوانی پیسبوونی هەوا، هەوای 6 شوێنی جیاوازی لە دوو کاتی جیاوازدا گرت. 
 
بەختیار عەبدوڵڵا، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری ژینگە گوتی "ماددە هەڵواسراوەکان زۆر زیاترن لە 70، دەبێت زیاتر لە 50 نەبێت، رێژەی دووانەئۆکسیدی کاربۆن نابێت لە 360 پپم زیاتر بێت، لێرە 613ـیە، هەروەها مادە هایدرۆکاربۆنەکان نابێت لە هەوادا هەبن، بەڵام هەن؛ مادە هەڵواسراوەکان بەهەمان شێوەیە کە بڕێکی کاربۆن تێدایە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە هەوای شار بە رادەی پێویست پاک نییە."
 
ئەگەر بەدوای ئامار و داتای نوێ و پشتڕاستکراو سەردانی ماڵپەڕی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بکەیت، دەستتناکەوێت، چونکە دوایین داتای وێستگەی هەوای ناوەندی هەولێر لە مانگی 6ـی ساڵی 2018 دانراوە.
 
گەشەی پیشەسازی، زیاتر لە یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل لەگەڵ 1162 موەلیدەی ئەهلی وایان کردووە رێژەی تەنۆلکە گازییەکان لە بەرگەهەوای هەولێر سێ ئەوەندەی ستانداردی ساڵانەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بێت کە بۆ پیسی پێوانی هەوا دیارییی کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە