رووداو - هەولێر
لەدوای خۆپیشاندانەکانی رۆژی هەینی شاری نورئاباد لە پارێزگای لوڕستان، چوار نوێنەری کورد لە پەرلەمانی ئێران داوا دەکەن بەرپرسانی دادوەری ئێران بەدواداچوونی یاسایی بۆ دۆسیەی بێڕێزیکردن بە کوردانی لەک بکەن و، داوا لە کوردانی لەک-یش دەکەن دان بە خۆیاندا بگرن و خۆپیشاندان ئەنجامنەدەن.
شادمێهر کازم زادە، نوێنەری شارەکانی دێلوران، مێران و دەرەشار لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، ئەو وەک کەسێکی کە بە لەکی قسە دەکات بێڕێزیکردن بە کوردانی لەک سەرکۆنە دەکات و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکات بەشێوەی یاسایی بە زووترین کات تۆمەتباران دەستگیر بکەن.
کازمزادە هەروەها داوای لە هاونیشتمانیانی لەک کردووە و دان بەخۆیاندا بگرن و چاوەڕێی دەسەڵاتی دادوەری بکەن تاوەكو کارەکانی خۆی ئەنجامبدات.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی کلیپێک، کە کوردانی لەک دەڵێن لەو کلیپەدا بێڕێزی بە کولتووریان کراوە، شەپولێکی ناڕەزایەتی لە چەند شارێکی پارێزگاکانی لوڕستان و کرماشان بەڕێوەچوو.
لای خۆشییەوە نوێنەری شارەکانی دوروود و ئەزنا سەبارەت بە رووداوەکە داوای لێبووردنی لە کوردانی لەک کردووە، بەتایبەت لە بازنەی هەڵبژاردنی دوروود و ئەزنا.
هاوكات هەر دوو نوێنەری شاری ئیلام لە پەرلەمانی ئێران لە دوو لێدوانی جیادا بێڕێزیکردن بە کوردانی لەک سەرکۆنە دەکەن و داواش دەکەن بێڕێزیکردن بە نەتەوەکان لە ئێران کۆتایی پێبهێندرێت.
هەرچەند رۆژی شەممە 30-7-2016 پرۆسەی کۆکردنەوەی واژۆ لە هەندێک شاری پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەكو ئێستا بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری پارێزگای لوڕستان هیچ هەنگاوێكیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و وەڵامدانەوەی داواکاری هاونیشمانیانی کورد نەناوە.
هەر لەبارەی ئەو پرسە، ئیقبال سەفەری، كەسایەتی سیاسی یارسان لە نەرویج لە گەشتی هەواڵەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە تەلەڤزیۆنی رووداو بەشداریكرد و "بێڕێزیكردنی بە پێكهاتەكانی نێو ئێران" بە پرۆسەیەكی بەردەوام نێوبرد.
ئیقبال سەفەری بە رووداوی گوت "ئەوە یەكەمین جار نييه بێڕێزیی بە پێكهاتەكانی ئێران دەكرێت و پێشتر چەندین جار بێڕێزیی بە كورد، تورك، یارسان و شیعە و سوننە كراوە".
سەفەری پێیوایە "ئەو بێڕێزییە فەرهەنگی دەسەڵاتە لە ئێران و هەر لە مێژە بەو جۆرە بووە".
ئیقبال سەفەری ئاماژە بەوەشدەكات، پێویستە هەموو پەرلەمانتارانی كورد هاوهەڵوێست بن و داوا نەكەن خەڵك خۆپیشاندان نەكات، بەڵكو پێویستە خەڵك هانبدەن بۆ خۆپیشاندان و هەڵوێست وەرگرتن، چونكە سیستەمی دادی ئێران سەربەخۆ نییە تاوەكو چاوەڕێ بكەن لەڕووی یاساییەوە ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ