هەرێم کەمال ئاغا: یەکێتی پابەندە بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە

30-05-2023
شیراز رەئوف
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە سەروو دەسەڵاتی حیزب و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە و هەرێمی کوردستان ناچارە بە یاسا کۆنەکە هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "یەکێتی پابەندە بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق. نە یەکێتی و نە هیچ حیزب و لایەنێک ناتوانن هیچ لە دۆخەکە بگۆڕن".
 
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە ئێستاوە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی کاربەڕێکەرە و گوتیشی، پێش بڕیارەکەی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆچوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی وەرگرتووە و دەڵێت، "دادگەی فیدراڵیی عێراق پرسیاری ئاراستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردبوو کە ئایا دەتوانن سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن؟ کۆمیسیۆنەکەش ئامادەیی خۆی پیشاندابوو بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردن. هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت".
 
 
ئەو گوتانەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەکاتێکدان، هەر ئەمڕۆ د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان داوایان لێ بکات، دەتوانن هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدەن بەو مەرجەى هاوکات نەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کە بڕیار دراوە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 بکرێت".
 
"تۆمەتبار دەکرێین"
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق باس لە گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەکات و نیگەرانیی فراکسیۆنەکەی دەردەبڕێت لە تۆمەتبارکردنیان بە زیادکردنی چەند بڕگەیەک بۆ رەشنووسەکە و دەڵێت، یەکێتی هیچ رێککەوتنێکی شاراوەی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە بۆ زیانگەیاندن بە هەرێمی کوردستان و ئەوەی دەگوترێت تەنیا تۆمەتبارکردنە. 
 
هەرێم کەمال ئاغا دەشڵێت، "ئێمە دەنگمان بەو بڕگانە نەداوە کە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستدەکەن و ئامادەش نین دەنگی پێ بدەین. قەوارەی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و لە مێژوودا رووبارێک خوێنمان رشتووە بۆ پارێزگاری لێکردنی و هیچکات ئامادە نین مەترسی لەسەر دروست بکەین،" 
 
پێنجشەممەی رابردوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەت بە هەناردەی نەوتی کوردستانی لە رەشنووسی بودجەی عێراق کرد و گۆڕی.
 
بەپێی گۆڕانکارییەکە، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات؛ گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، مەرج نییە هەر بۆ هەناردەکردن بێت، بەڵکو دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی نێوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربهێندرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاسمانی شاری هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسێک: کەشوهەوا بەهاری دەبێت و پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و سبەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، "ئەم دوو رۆژە کەشوهەوا بەهارییە و دەتوانن بێ دوودڵی گەشت بکەن."