نوێنەرایەتیی بەغدا: ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

30-05-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن یاسای بودجەی 2021
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند: "شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە".
 
فارس عیسا، سەرۆکی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەگاتە بەغدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان".
 
فارس عیسا ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا و سبەی دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکات لەگەڵ حکومەتی عێراق و گوتیشی: "شاندەکە تەنیا لەگەڵ حکومەت کۆدەبێتەوە نەک حیزب و لایەنی سیاسیی".
 
رۆژی 9ی ئایاری2021 مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی فیدڕالیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا لیژنەیەك كار لەسەر ئەوە دەكات كە بەشە بودجەی ئەم مانگەی هەرێمی كوردستان بنێردرێت و گوتیشی، "رێككەوتن لەسەر پرۆژەی بودجە زۆر باش بوو، مادەی 11 باش بوو". هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی و پابەندبوونی خۆی راگەیاندووە. 
 
بەپێی ماددەی 11ی یاسای بودجەی ئەمساڵ، دەبێت هەرێمی کوردستان بە لایەنی کەمەوە رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی خۆی بەرهەم بهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات. هاوکات دەبێت هەرێمی کوردستان 50%ـی داهاتی نانەوتیی خۆی رادەستی بەغدا بکات، ئەو کات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە بەبێ لێبڕین پێویستی بە 895 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە، بۆیە ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینارە بۆ پێدانی مووچە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە