رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکانی عێراق لقێکی لە قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین کردەوە. ئامانج لەم هەنگاوە کەمکردنەوەی ئەو زیانانەیە کە بەهۆی لافاوەوە بەر رێگەی بازنەییی شارەکە کەوتوون.
ناوەندی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە (8ی تشرینی دووەمی 2026) رایگەیاند: "ئەم هەنگاوە بە راسپاردەی یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆی عێراقە، تاوەکو بە خێرایی چارەسەری ئەو کێشانە بکرێن کە بە هۆی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا روویانداوە و بوونەتەهۆی پەککەوتنی رێگەی بازنەیی خورماتوو".
ئەم ناوەندە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان و یەکخستنی هەوڵە حکومییەکانی لە ئەستۆ دەبێت.
هاوکات فەرمانی بە پەلە ئاراستەی هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کراوە، تاوەکو تەواوی تیمە ئەندازیاری و تەکنیکییەکانیان بخەنە ئامادەییەوە بۆ چاککردنەوەی رێگەکە و کردنەوەی بە رووی هاتووچۆدا.
ناوەندی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکانی عێراق دەڵێت: "کردنەوەی ئەم بارەگایە لە نێو جەرگەی قەزاکەدا یارمەتیدەر دەبێت لە وەڵامدانەوەی خێرای هەر دۆخێکی نائاسایی و رێگریکردن لە زیادبوونی زیانەکانی لافاو".
قەزای خورماتوو، رۆژی هەینی بەهۆی شەپۆلی بەهێزی بارانبارینەوە رووبەڕووی لافاو بووەوە.
لافاوەکە بووە هۆی وێرانبوونی بەشێکی زۆری رێگەی بازنەیی شارەکە کە پڕۆژەیەکی تازە جێبەجێکراو بوو.



