رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆکانی نێوان چوار لایەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان (یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری) بۆ چۆنێتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە ئەنجامێک گەیشتووە، کە یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمان دەبن و لە سنوورەکانی هەڵبژاردنیش هاوئاهەنگییان لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵدا دەبێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، لە دوو رۆژی رابردوودا چوار لایەنی سیاسی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری، گفتوگۆکانیان بۆ چۆنێتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن کۆتایی پێهێناوە و رێککەوتوون، رێککەوتنەکەش بە هاوپەیمانیی لەنێوان دوو لایەنی یەکەم و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ دوو لایەنە ئیسلامییەکە کۆتاییهاتووە.
سەرچاوەکەی رووداو رایگەیاند، ئەو هاوئاهەنگییەی لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتوو کراوە، ئەوەیە کە هیچ لایەنێک داوای دەنگ لە لایەنێکی دیکە ناکات، هەمووان کادیری یەکدییان ئازادکردووە دەنگ بە کام لایەن دەدەن. بۆ نموونە لە شارەزوور تەنیا سێ بەربژێر دەبن، یەکێک بۆ یەکێتی، یەکێک بۆ یەکگرتوو و یەکێکیش بۆ کۆمەڵ، کادیرانی هەر لایەنێک ئازاد دەبن دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن.
رووداو زانیویەتی کۆمەڵی دادگەری (سۆران عومەر)ی بۆ سنووری رانیە بەربژێر کردووە، (ئەحمەد حاجی رەشید) بۆ سنووری شارەزوور و (عەبدولستار مەجید) بۆ سنووری هەولێر، بەڵام هێشتا بەربژێری لایەنەکانی دیکە نەزانراوە، بەڵام لە یەکگرتووش (د. موسەننا ئەمین) بەربژێری دیارە و یەکلایی بووەتەوە.
هاوپەیمانییەکەی گۆڕان و یەکێتی بەپێی زانیارییەکانی رووداو یەکلایی بووەتەوە، تەنیا ئەوە ماوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکارییەکەی رابگەیێنن، بەڵام لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە شەڕی راگەیاندن ناکەن و هەل بە یەکدی بدەن بۆ سەرکەوتنی بەربژێرەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ