بوومەلەرزەزانیی سلێمانی: ئەمڕۆ 6 بوومەلەرزە لە گەرمیان روویانداوە

30-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی داتای سەنتەری بوومەلەرزەزانی سلێمانی ئەمڕۆ 6 بوومەلەرزە لە سنووری گەرمیان و نێوان گەرمیان و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراون.
 
سەنتەری بوومەلەرزەزانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانییە. جەوهەر حەمەلاو، لێپرسراوی بەشی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکەم بوومەلەرزە کاژێر 01:54ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بووە و دوایینیشیان کاژێر 08:23 بەیانی بووە".
 
جەوهەر حەمەلاو ئاماژەی بەوەشکرد، بەهێزترین بوومەلەرزەی ئەمڕۆ گوڕەکەی 3.5 پلەی رێختەر بووە.
 
لێپرسراوی بەشی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی سلێمانی گوتی: "27ـی ئەم مانگە نزیکەی 20 بوومەلەرزە لە گەرمیان روویاندا و بەهێزترینیان گەیشتە 5.1 پلە بە پێوەری رێختەر، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی نەبوو".
 
لەبارەی بوومەلەرزەکانی ئەمڕۆی گەرمیانەوە جەوهەر حەمەلاو دەڵێت: "بوومەلەرزەکان ئاسایین و رۆژانە روودەدەن و مەترسییان نییە، مەترسی بوومەلەرزە لە سەروو 5 پلەی رێختەرەوە دەستپێدەکات".
 
بەپێی ئاماری دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، لە ساڵی 2024دا 231 بوومەلەرزە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان روویانداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە