رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. هەپەگەش دەڵێت، سەربازێکی سوپای تورکیایان کوشتووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، رۆژی یەکشەممە، 29-12-2024، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گیانلەدەستدانی دوو گەریلای لە ناوچەکانی مەتین و زاپ لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە راگەیاند.
وەزارەتەکە دەشڵیت، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە هەر دۆخێکدا بەردەوام دەبن.
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ش ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، لە ناوچەکانی زاپ و مەتین هێرشیان کردووەتە سەر سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا سەربازێکیان لێ کوشتوون و دوو سەربازی دیکەشیان لێ بریندارکردوون.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە "چنگ- قوفڵ" کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
ئەوە لە کاتێکدایە یەکی تشرینی ئەم ساڵ، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە هەنگاوێک بۆ پرۆسەی ئاشتی نرا.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، رۆژی 22ـی تشرینی یەکەم، داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە''.
باخچەلی رۆژی 26-11-2024ش لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەنێوان ئیمرالی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت".
دوای ئەو بانگەوازەی سەرۆکی مەهەپە، دەم پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، داواکاری پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد و داواکارییەکەی پەسندکرا.
رۆژی شەممە، 28-12-2024، شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە.
ئەمڕۆش شاندەکە ئەنجامەکەی بڵاوکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ