رووداو دیجیتاڵ
پارتی هەرێمە دیموکراتەکان لە تورکیا دەڵێت: ''ئەو پرۆسە چارەسەرییەی ئۆجەلان پێشکێشی کردووە، لەم سەردەمەدا بایەخێکی مێژوویی هەیە''.
پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) لە تورکیا، رۆژی یەکشەممە، 29-12-2024، دوای کۆبوونەوەکەی شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە هەژماری ئێکس پەیامێکی لەبارەی ئەو گوتانەی کە ئۆجەلان لە دیدارەکەدا کردبووی، بڵاوکردەوە.
دەبەپە ئاماژەی بەوە کرد، لە روانگەی چارەسەری پرسی کوردەوە بە سەردەمێکی مێژووییدا تێدەپەڕن و گوتی، ''ئەو دیدگە چارەسەرییەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکێشی کردووە، لە سەردەمێکی وەهادا گرنگییەکی مێژوویی هەیە''.
ئەو پارتە ئاماژەی بە گوتەیەکی ئۆجەلان کرد کە دەڵێت، ''پێویستمان بە وەچەرخانێکی دیموکراسییە، رێگەچارە بۆ ئەمەش، چارەسەرکردنی پرسی کوردە بەشێوەیەکی ئاشتی و دیموکراسییانە''.
دەبەپە هەر لەبارەی گوتەکانی ئۆجەلانەوە ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە پاڵپشتی لەو ویست و هەنگاوانەی ئۆجەلان بکرێت کە لەپێناوی پرۆسەی چارەسەریدا نیشانی دا.
دەبەپە لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسی، ''ئەم سەدەیە، دەتوانێت بەشێوەیەکی بەهێز ببێتە سەدەی سەربەخۆیی و دیموکراسی بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کوردستان و تورکیا. ئەرکی لەپێشینەی هەموومانە کە لەپێناو داهاتوویەکی سەربەخۆ و دیموکراسیدا، پارێزگاری لەم دەرفەتانە بکەین''.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ شاندەکەی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، لەسەر زاری ئۆجەلانەوە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئۆجەلان جەختی لە گرنگیی برایەتیی کورد و تورک کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەر شتێک بۆ پرۆسەی ئاشتی پێویست بێت، دەیکات.
پارتی هەرێمە دیموکراتەکان، پارتێکی چەپە و لە 11ـی تەممووزی 2014 دامەزرا. لە دوایین هەڵبژاردنی 2023ـی پەرلەمانی تورکیادا سێ کورسی بەدەستهێنا. چیدەم کڵچگون و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکانی پارتەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ