رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای وانی باکووری کوردستان خۆپێشاندان، گردبوونەوە و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی لە پارێزگاکە بۆ 10 رۆژ قەدەخە کرد.
رۆژی هەینی، 29-11-2024، پارێزگای وان بڵاویکردەوە، لە رۆژی 29ی تشرینی دووەمەوە تاوەکو 8ی کانوونی یەکەم، جگە لەو چالاکییانەی لەلایەن پارێزگا و قایمقامیەتەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، هەموو جۆرە چالاکییەکی دیکە قەدەخەیە.
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگادا هاتووە، بەپێی مادەکانی یاسای ژمارە 2911ی رێپێوان و کۆبوونەوە و مادەکانی یاسای ژمارە 5442ی کارگێریی پارێزگا، چالاکییەکانی وەک کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی، گردبوونەوە، رێپێوان، خێوەت هەڵدان و راپرسی قەدەخەن، ئەوەش بە مەبەستی "پاراستنی ماف و ئازادییەکان و رێگریکردن لە هاندان بۆ کاری خراپە".
هۆکارێکی راگەیاندنی قەدەخەکە بۆ چالاکییە بەردەوامەکانی دەم پارتی دەگەڕێتەوە کە دژی دانانی قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین، ئێلیهـ، شارۆچکەی خالفەتی لە رووها و شارەوانیی دێرسم و دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانیان دەستی پێکردووە.
ئەو قەدەخەیە لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 29ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، بڕیاری دانانی قەییومی بۆ شارەوانیی شارۆچکەی میکس سەر بە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.
شارەوانیی شارۆچکەی میکس لە لایەن دەم پارتییەوە بەڕێوەدەبرا و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024دا کرا ئایڤاز هازیر، بەربژێری دەم پارتی رێژەی 21.22٪ی دەنگەکانی بردەوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، ئایڤاز هازیر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ "رێکخراوی تیرۆریستی"، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 196/2022 داوای 3 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی کردبوو؛ هەروەها دادگەی تاوانە قورسەکان بە ژمارە 130/2023، داواکارییەکەی پەسند کرد.
وەک وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە و دادگەییکردنی دانەخراوە و کۆتایی نەهاتووە، بەپێی مادەکانی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی ئایڤاز هازیر لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی؛ هەروەها بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان بڕیاردرا بە دانانی هارون ئارسڵانئارگون، قایمقامی شارۆچکەی میکس وەک سەرۆک شارەوانیی بەوەکالەت.
رۆژی 30ی تشرینی یەکەمی 2024 قەییوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورتی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ دانرا. ئەحمەد ئۆزەر لەکارلادرا و بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەجەکە/پەکەکە دەستبەسەر کرا.
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2024 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خێلفەتی لە رووها دانرا.
هەروەها رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2024م بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، قەییوم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلووری دێرسم دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ