رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای وان لە هەولێرە. سەرۆکی ژووری بازرگانییەکە دەڵێت، شاندەکە لە 50 بازرگان و کارساز پێکهاتوون، گوتیشی، لە مانگی ئایار یان ئاداری ساڵی داهاتوو، فێستیڤاڵی ''رۆژی وان'' لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
رۆژی هەینی، 29-11-2024، شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای وانی باکووری کوردستان بەشداریان لە پێشانگەیەکدا کرد کە لە پارکی شار کراوەتەوە، بەشێک لە بەرهەمەکانی خۆماڵی، بەتایبەتی خواردنەکانی بەیانی و خواردنەوەی تایبەت بە پارێزگاکەیان خستووەتەڕوو.
نەجدەت تاکوا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''ئەمە چوارەم جارە سەردانی هەولێر و هەرێمی کوردستان دەکەین. حەز دەکەین لە نێوان پارێزگای وان و بەگشتی هەرێمی کوردستان نزیکبوونەوەی زیاتر هەبێت.''
نەجدەت تاکوا لەبارەی پێشانگەکەی بەردەم قەڵای هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ''مەبەست لێی، ناساندنی زیاتری شاری خۆمانە. خواردن و خواردنەوەی ئێمە، کاڵاکانمان، مزگەوتەکانی ئێمە و گۆلی وان بەناوبانگن، بۆیە ویستمان پێشانگەیەک بکەینەوە و پەرە بە کەرتی گەشتیاری بدەین.''
دوو رۆژە نزیکەی 50 بازرگان و کارساز لە 13 سێکتەری جیاجیادا لە هەولێرین، دوو رۆژیش لە دهۆک و زاخۆ دەمێننەوە.
بەگوتەی نەجدەت تاکوا، ئەو بازرگان و کارسازانەی کە هاتوون، لە بواری ئاژەڵداری، کشتوکاڵ، خواردن و خواردنەوە، بیناسازی و کیمیا شارەزان و لەکاتی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژووری بارزگانی و پیشەسازیی هەولێر، لێکتێگەیشتنی باشیان هەبووە.
ساڵانە فێستیڤاڵێک بۆ ناساندنی زیاتری بەرهەمە خۆماڵییەکانی پارێزگای وانی باکووری کوردستان و پەرەپێدان بە کەرتی گەشتیاریی پارێزگاکە بە ناوی ''رۆژی وان'' یان ناساندنی وان بەڕێوەدەچێت. وەکو سەرۆکی ژووری بازرگانیی وان ئاماژەی پێدا، لەگەڵ سەرکۆنسووڵی تورکیا هاوئاهەنگییان کردووە کە مانگی ئایار یان ئاداری ساڵی داهاتوو، فێستیڤاڵی ''رۆژی وان'' لە هەولێر رێکبخەن.
نەجدەت تاکوا ئاماژەی بە هاتووچۆی گەشتیاریی نێوان پارێزگاکانی وان و هەولێر کرد و گوتی، ''تاوەکو ئێستا پەیوەندیی گەشتیاریمان لەگەڵ هەولێر لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبووە و پێوستە کاری بۆ بکرێت، بەڵام بێگومان لە داهاتوودا کارسازانی هەرێمی کوردستان و وان یەکدی زیاتر دەناسن و دانوستاندنی گەشتیاری و بازرگانیی نێوانیان پەرەدەسێنێت.''
تائێستا هیچ گەشتێکی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان پارێزگاکانی وان و هەولێردا نییە؛ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان گوتی: ''ئەمە بابەتێکی سەرەکی و داواکاریی ئێمەیە، بەڵام پێویستە ژێرخانێکی ئابووریی باشی بۆ ئامادە بکرێت و حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا کاری لەسەر بکەن''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ