رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون سەردانی ئێرانی کرد. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران دەڵێت "کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوە منداڵانی ونبووی هەڵەبجە و کۆڕەوەکەی ساڵی 1991."
نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29-11-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان بە بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتی بونیادی شەهیدانی ئێران سەردانی تارانی کردووە و چەند رۆژێک دەمێننەوە.
نازم دەباغ گوتی، سەردانەکە بۆ سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی یەکدی "ئێران ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دۆزینەوەی منداڵانی ونبووی هەڵەبجە و کۆڕەوەکە، هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام دەبێ حکومەتی هەرێم زانیاریی ورد لەسەر ونبووەکان بداتە ئێران بۆ ئەوەی سۆراخیان بکەن."
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، شاندەکەی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، لە تاران سەردانی هەردوو نەخۆشخانەکانی پسپۆڕی (خاتم الٲنبیاء) و (بقية الله)ـی کردووە و دواتر لەگەڵ سەرۆک و تیمە جیاجیاکانی هەردوو نەخۆشخانەکە باسیان لە خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکان کردووە، کە چارەسەری کیمیایی و سەرجەم نەشتەرگەرییەکان و چارەسەری نەخۆشییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان و قوربانیان لەخۆدەگرێت.
ئەم نەخۆشخانانە لە گەورەترین نەخۆشخانە پسپۆڕییە تایبەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن کە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی تایبەت بە کەسوکاری شەهیدان و خانەوادەی تێکۆشەران و قوربانیان لەخۆدەگرن.
هەر لەو سەردانەدا شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، سەردانی سەنتەری (نوور) یان کرد کە تایبەتە بە پشکنینی DNA.
لە ساڵی 1988 و دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، چەندین منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕان، چارەنووسی ژمارەیەکی کەمیان روون بووەوە، بەڵام زۆرینەیان چارەنووسیان نادیارە کە ژمارەیان 210 منداڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ