کوردستان
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان و ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵيۆزى ئەمریکا له عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد و دەڵێت، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "بەشێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەچوو."
ئێوارەی ئهمڕۆ سێشهممه 29ی تشرینی یەکەمی 2024 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان لە هەولێر پێشوازیى له ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵيۆزى ئەمریکا له عێراق كرد.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بابەتی سەرەکيی گفتوگۆکانی مەسرور بارزانی و ئەلینا رۆمانۆوسکی تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامەکانی و باڵیۆزی ئەمریکا "پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لە سەرۆکی حکومەت کرد و ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەکە بە شێوەیەکی رێکوپێک و لە کەشێکی ئاسایی و ئاشتیيانەدا بەڕێوەچوو، رێژەی بەشدارییش بەرز بوو."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستکردن بە رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و لێکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردەکردنەوە تاوتوێ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ