هێمن هەورامی: شاندێک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن پێکدەهێنین

دوێنێ کاژێر 05:27
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنێت، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شاندێک پێکدەهێنن بۆ سەردانی لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردن و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
هێمن هه‌ورامی، به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان "ڤیتۆیان لەسەر هیچ حیزبێکی سیاسیی نییە."
 
بە گوتەی هێمن هەورامی، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.
 
رۆژی سێشەممە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کاژێر 10ی بەیانی رۆژی چوارشەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیێنن.
 
دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی فەڕمی راگەیاند، بەربژێران و لایەنەکان مافیان هەیە تانە ئەنجامەکان بدەن، دواتر کۆمیسیۆن بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات و دیسان لایەنەکان ماوەیەکی دیکەی یاساییان هەیە تانە لە بڕیاری کۆتایی بدەن لەبەردەم دەستەی دادوەری، دەستەکەش ماوەیەکی لەبەردەستە دوا بڕیاری لەسەر بدات، دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10 رۆژی لە بەردەستە بۆ ئەوەی بانگهێشتی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بکات.
 
به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای پەسندکردنی کۆتایی ئەنجامەکان، شاندێک پێکدەهێنن بۆ سەردانی لایەنەکان. گوتیشی، "ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێک نییە، چ ئەوانەی کورسییان زۆر بەدەستهێناوە یان کەم؛ دەرگەمان بۆ گفتوگۆ بەڕووی هەموویاندا کراوەیە."
 
 
هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەش کرد، "پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو براوەی یەکەم پابەندە بە دروشمەکانی خۆی کە هێنانەدیی ئارامی، ئاوەدانی و پێکەوەییە، بۆئەوەی هەموو پێکەوە بتوانین خۆڕاگربین."
 
به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لە هەنگاونان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت کرد و گوتی، "بەرنامەیەکمان راگەیاند بۆ کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دروشمەکانماندا، لایەنە براوەکانی دیکەش بەرنامەیان هەبووە، بێگومان خاڵی هاوبەشیان تێدایە و گرنگە ئێمە ئەو خاڵانە بدۆزینەوە و بە گیانێکی کوردستانیانە بۆ یەک هەرێم، یەک حکومەت و یەک پێشمەرگە کاربکەین بۆ چوارساڵی ئایندە و شەریکی نیوەڕێگەمان نەبێت."
 
20ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ئەنجامی سەرەتایی، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە