رووداو دیجیتاڵ
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناسنامەی 28 گەریلای خۆی بڵاوکردەوە کە خەڵکی پارێزگای مێردینن لە باکووری کوردستان و لە کات و شوێنی جیاوازدا گیانیان لەدەستداوە. بڕیارە پرسەیەکی هاوبەش بۆ ئەو گەریلایانە لە شارۆچکەی نسێبین بەڕێوەبچێت.
چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، ناسنامە و وێنەی ئەو 28 ئەندامەی پەکەکە لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی (شەهیدانمان) بڵاوکرایەوە. بەپێی زانیارییەکان، ئەو گەریلایانە لە ساڵانی رابردوودا لە ناوچە جیاوازەکانی شەڕ لە باکوور و باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
پرسەیەکی سێ رۆژە لە نسێبین
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، پرسەیەکی هاوبەشی سێ رۆژە بۆ ئەو گەریلایانە لە شارۆچکەی نسێبین بەڕێوەبچێت. ئەم پرسەیە لەلایەن "کۆمەڵەی هاوکاری و پشتگیریی خێزانی قوربانییان" (MEBYA-DER) رێکخراوە.
شوێنی پرسەکە لە گۆڕەپانی "بازاڕی داخراو" دەبێت کە دەکەوێتە تەنیشت هۆڵی پرسەکانی "شوکری ئاکای" لە نزیک گۆڕستانی حاجییان لە نسێبین.
پەکەکە پێشتریش لە چەند قۆناخێکی جیاوازدا، ناسنامەی ژمارەیەک لە گەریلاکانی خۆی بڵاوکردبووەوە کە خەڵکی پارێزگاکانی ئامەد و وان و ناوچەکانی جزیر و گەڤەر بوون. هەروەها پرسەی ئەو گەریلانە لە شارەکانی ئامەد و ئیستەنبووڵ لەلایەن هەمان کۆمەڵەوە رێکخرابوو.
زۆرجار پەکەکە ناسنامەی گەریلاکانی دوای ماوەیەکی زۆر لە گیانلەدەستدانیان رادەگەیەنێت، ئەوەش بەهۆی سەختیی بارودۆخی شەڕ و گەیاندنی زانیارییەکان بە خێزانەکانیان.


