فەرمانی دابەشکردنی زەوی بۆ 2474 کەس لە گەرمیان دەرچوو

29-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان دەڵێت، لە وەزارەتی شارەوانییەوە فەرمانی دابەشکردنی زەوی لە گەرمیان دەکراوە و زەوییەکانیش ئامادەکراون.
 
دڵشاد فەتاح، جێگری بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە وەزارەتی شارەوانییەوە فەرمانی دابەشکردنی زەویمان بۆ 2 هەزار و 474 کەس بۆ گەڕاوەتەوە." 
 
دڵشاد فەتاح گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ ناوی کەسەکان لە وەزارەتەوە نەنێردراوە و لەگەڵ ناردنیدا، رێکارە کارگێڕییەکانی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکەن.
 
جێگری بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان گوتیشی "لیستی ئەو کەسانەی نێردراوەتەوە و فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە بۆ سنووری ئیدارەی گەرمیانە بەگشتی، نەوەکو قەزایەک." 
 
بە گوتەی دڵشاد فەتاح، لە سنووری گەرمیان زەوی ئامادەکراوە بۆ دابەشکردن و ئەوەی ماوە رێکارە یاسایی و کارگیڕییەکانن.
 
تاوەکو ئەمڕۆ بەشێکی فەرمانبەران لە هەولێر و زاخۆ، سلێمانی زەوییان بەسەردا دابەشکراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە.
 
ئاوات دەباخ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە وەزارەتی شارەوانییەوە ناوی 157 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان گەڕاوەتەوە. ئەوانیش داوای ناسنامە و پێداویستییەکانی دیکەیان کردووە بۆیان بنێرن بۆ وەرگرتنی زەوی.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت و بڕیارە ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو دابەشکردن لە سنووری قەزا و ناحییەکان دەستپێبکات.
 
17ـی ئەم مانگە تیروپشک بۆ دابەشکردنی 5 هەزار پارچە زەوی لە هەولێر کرا. رۆژێک پێشتریش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تیروپشکی دابەشکردنی زەوی کرابوو.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
 
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە