رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەڵاح کوێخا، سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی کۆچی دواییکرد. گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیانیش دەڵێت، بەهۆی کۆرۆناوە بووە.
هەڤاڵ ئیبراهیم، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 29-9-2020 سەڵاح كوێخا سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە لە سلێمانی "بەهۆی نەخۆشیی كۆرۆناوە" گیانی لەدەستداوە. گوتیشی "پێشتر هیچ نەخۆشییەكی دیكەی نەبوو، رۆژێك دوای رێوڕەسمی دەستلەكارهەڵگرتنی لە دووی ئەم مانگە توقشی كۆرۆنا بوو لە 15-9 بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە لە سلێمانی لە نەخۆشخانە خەوێنرا، بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆچی دواییكرد".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی لەبارەی ژیانئاوایی سەڵاح کوێخا دەڵێت "ئارام بنوو پیاوە جوامێر و مەردەکەی گەرمیان، هەر کاتێک وشەی جوامێر یان پیاوی مەردم دەکەوێتە بەر گوێ، یەكسەر کاک سەڵاحی کوێخام دێتە بەرچاو. کاک سەڵاح نموونەی مەردایەتی و مێرخاسی و پەرۆشی بوو بۆ خاک و نیشتمان. پێشمەرگەیەکی پارتیزان و دڵسۆز، دەوڵەتمەدار و بەرپرسێکی دەست و دامێن پاک و رەوشت بەرز و بە هەموو مانایەک مەرد."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەدات " لە ژیانمدا لە کەم شت پەشیمانم. بەڵام هەست دەکەم غەدرم لەم پیاوە مەزنە کرد. دوو ساڵ بوو داوای دەکرد خانەنشینی بکەم و هەڤاڵێکی دیکە لە شوێنەکەی دەستبەکار بێت، بەڵام من لێی پاڕامەوە کە لەبەر هەستیاری دۆخەكە و ئەو هاوسەنگیەی رایگرتبوو و هەروەها لەبەر ئەو رێزەی کە لە گەرمیان هەیبوو بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی گەرمیان. ساڵی رابردوو بەڵێنم پێدا کە یەکساڵی دیکە بەردەوام بێت خانەنشینی دەکەم. ئەوەبوو سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ خانەنشین کرا."
قایمقامییەتی قەزای کەلار لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "دڵگرانین بە کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین و سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان سەڵاح کوێخا، کە لە شاری سلێمانی بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد."
هەروەها هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پرسەنامەیەکدا سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکارەکەی دەکات و رایدەگەیێنێت "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پرسەو ماتەمینی و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی بەڕێز و ئازیزمان کاکە سەڵاحی کوێخا سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان و تكۆشەری خەباتی نیشتمانیی کوردستان دەردەبڕین."
سەڵاح كوێخا 9 ساڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بوو، رۆژی 01-09-2020 لە رێوڕەسمێکدا خانەنشین کراو پۆستەكەی رادەستی قایمقامی كفری کرد.
لە ساڵی 2006ـەوە گەرمیان ئیدارەی سەربەخۆی هەیە و نزیكەی 350 هەزار دانیشتووی هەیە، سەڵاح كوێخا لە ساڵی 2011ـەوە سەرپەشتیاری ئیدارەكەیە و بودجەی ئیدارەكە 12.77٪ـی بودجەی پارێزگای سلێمانییە. جەلال نووری لە پشكی یەكێتی پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە وەكالەت وەرگرتووە و، ئەو پێشتر بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ قایمقامی كەلار بووە و ماوەی پێنج ساڵیشە قایمقامی كفرییە .
رۆژی 14ی ئەم مانگە لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک، سەڵاح کوێخا تووشبوونی خۆی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و بڵاویکردەوە "منیش وەک هەر هاونیشتمانییەکی دیکەی تووشبووی ئەم هەرێمە، بێبەش نەبووم لە تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا".
پێش رادەستکردنی پۆستەکەی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا بۆ سەڵاح کوێخای نووسیبوو، "تهمهنی گهنجێتی وهك پێشمهرگهیهكی كۆڵنهدهر له شاخ و پێدهشتهكانی كوردستاندا تێپهڕكرد".
سەڵاحەدین محەممەد فەرەج
- ناسراوە بە سەڵاح کوێخا
- لە ساڵی 1953 لە گوندی بانە بۆری ناحیەی قۆرەتوو لەدایکبووە
- لە ساڵی 1983 بووەتە پێشمەرگە و جارێک برینداربووە
- لە ساڵی 2006 لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی یەکێتی دەبێتە لێپسراوی مەڵبەندی 8ـی خانەقین
- لە ساڵی 2011 ئەرکی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی پێدەسپێردرێت
- بۆ ماوەی نۆ ساڵ لەوپۆستە بەردەوام تاوەکو خانەنشین بوو
- رۆژی 1-09-2020 خانەنشینکرا
- رۆژی 29-09-2020 کۆچی دواییکرد
- ناسراوە بە سەڵاح کوێخا
- لە ساڵی 1953 لە گوندی بانە بۆری ناحیەی قۆرەتوو لەدایکبووە
- لە ساڵی 1983 بووەتە پێشمەرگە و جارێک برینداربووە
- لە ساڵی 2006 لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی یەکێتی دەبێتە لێپسراوی مەڵبەندی 8ـی خانەقین
- لە ساڵی 2011 ئەرکی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی پێدەسپێردرێت
- بۆ ماوەی نۆ ساڵ لەوپۆستە بەردەوام تاوەکو خانەنشین بوو
- رۆژی 1-09-2020 خانەنشینکرا
- رۆژی 29-09-2020 کۆچی دواییکرد
