رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار داوا لە شوێنە گەشتیارییەکان دەکات، میوزیک و گۆرانی کوردی لێ بدەن؛ تابلۆی هونەرمەندانی کوردستانیش هەڵبواسن. دەشڵێت، قبووڵی ناکەن هونەری نەتەوەی دیکە بەسەر هونەر و کولتووری کورد زاڵ بکرێت.
29ی 7ی 2024، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بە رووداوی گوت: "گەشتوگوزار سەرەڕای بایەخە ئابوورییەکەی، رەهەندێکی نیشتمانیشی هەیە و ئامرازێکی بەهێزە بۆ ئاشناکردنی گەشتیاران بە مێژوو، شوناس، فەرهەنگ و کولتووری کوردستان."
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار هەروەها دەڵێت: "گەشتیاران کە سەردانی شوێن و وڵاتێک دەکەن، دەیانەوێت هونەر و کولتووری ئەم وڵاتە بناسن. مانای نییە لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان نمایشی هونەر و کولتووری نەتەوەی دیکە بکرێت بەڕەهایی. ئەمە قابیلی قبووڵ نییە و دەمەوێت ٪80 گەشتیاران گوێیان لە گۆرانی کوردی بێت ئینجا وڵاتانی دیکە."
ئەمەل جەلال پێیوایە بەهۆی ئەو کەش و کوولتوورەی لە شوێنە گەشتیارییەکان زاڵکراوە، کاتێک سەردانی ئەو شوێنانە دەکات، هەست ناکات لە کوردستانە. سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: "لە رێنوێنی زمانی کوردیدا، گوتوومانە تابلۆکان دەبێت بە کوردی بن. شوێنە گەشتیارییەکان دەبێ مێژوو و شارستانیەتی کورد بە گەشتیاری بیانی بناسێنن. ئەمەی ئێستا هەیە، هەژموونێکی خراپە بۆ داهاتووی ئێمە و دەبێ گەنجەکانمان ئاشنای مێژوو و کولتووری دێرینی کورد و کوردستان بکەین."
دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان پلانی هەشت ساڵەی داڕشتووە بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2030 ژمارەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا بگەیەنێتە 20 ملیۆن گەشتیار.
سەرۆکی دەستەکە لەبارەی ئەو پلانەوە گوتی: "هەنگاوی باشمان بڕیوە و ژمارەی گەشتیارمان زیادی کردووە. دەمانەوێ بە توێژینەوە ئاماری گەشتیاری بخەینەڕوو و دڵخۆشین بە هەنگاوەکانمان. لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارمانن؛ بەڵام کەمتەرخەمیش هەیە بۆ نموونە رێگەوبان و وردەکارییەکانی دیکە. تکایە ئێمە با لە شوێنی نەیارەکانماندا، هونەر و شارستانیەتیی کورد لەناو نەبەین."
رۆژی دووشەممە، 29-07-2024، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خاک و وڵات، داوا لە سەرجەم بنکە گەشتیارییەکان (چێشتخانە، هۆتێل، مۆتێل… هتد) دەکەم کە ئەرکی نیشتمانی و مۆراڵی خۆیان جێبەجێ بکەن و ببنە بەشێک لە پاراستنی فەرهەنگی وڵاتەکەمان؛ لە رێگەی زیاتر پشتبەستن بە میوزیک و گۆرانی کوردی و بەکارهێنانی تابلۆی هونەرمەندانی کوردستان، گەشتیاران ئاشنا بکەن بە سرووشتی ناوازە و مێژووی پڕشنگدار و شوێنەوارە دێرینەکانی کوردستان."
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکار وەکو گەشتیاری نێوخۆیی تۆمار کراون.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2500 شوێن بە ناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون، کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ