رووداو - هەولێر
لە دەوروبەری شاری دربێسیێی رۆژئاوای کوردستان هێزەکانی رووسیا و تورکیا پێکەوە بە ناوچەکەدا دەگەڕێن. هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە لە گەڕانە هاوبەشەکەیاندا هێلیکپۆتەر و زریپۆش بەکاردەهێنن.
ئەو هێزانەی دوو وڵاتەکە لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی دێربێسییەوە دەستپێدەکەن و دواتر دەچنە گوندەکانی باشوور و پاشانیش رۆژئاوای شارەکە. جموجووڵی ئەو هێزانە، خەڵکی ناوچەکەی بێزار کردووە.
حەلاج شوکر، دانیشتووی گوندی کەربەتل لە سنووری دربێسییێ دەڵێت: "لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی دیکە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، گەڕانی هاوبەشی رووسیا و تورکیا لەو ناوچەیەی رۆژئاوای کوردستان زیادیکردووە کە لە تشرینی یەکەمی 2019 وەک زۆنی ئاگربەست دیاریکرا."
بەشێک لە هاووڵاتییان دەڵێن، دۆخەکە ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە.
عەلا جومعە، دانیشتووی گوندی کەربەتل باس لەوە دەکات: "رووسیا و تورکیا بە پێی رێککەوتنی 22ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019ی سۆچی، گەڕانە هاوبەشەکانیان ئەنجامدەدەن."
هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە لە دوو مانگی رابردوودا بە هەشت زریپۆش و دوو هێلیکۆپتەر، 13 جار کێوماڵی ناوچەکەیان کردووە. بە گشتی تاوەکو ئێستا هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە، 165 جار گەڕانی هاوبەشیان لە سنوورەکە ئەنجامداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ