رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی بە فەرمی لەلایەن یەکێتی و گۆڕانەوە وەک سەرۆکی نوێی هاوپەیمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەستنیشانکرا.
رۆژی پێنجشەممە 29-07-2021 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ تاوتوێی پەیوەندییەکانیان و دیاریکردنی کەسێك بۆ پۆستی سەرۆکی هاوپەیمانی نێوانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و دوای دوو کاژێر کۆبوونەوەکە کۆتاییهات.
کۆبوونەوەکە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەیان کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان.
لە راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانیی کوردستان پەسەندکرا، هەروەها ھەردوولا جەختیان لە پشتگیریکردنی ناوبراو و سەرخستنی ھاوپەیمانیەتییەکە کردەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە کاراکردنی لیژنەکانی هەڵبژاردن و تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و چڕکردنی هەماهەنگی نێوانیان.
رۆژی 01-05-2021 هاوپەیمانیی کوردستان لەنێوان (بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان) بە فەرمی لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکرا، ناوەڕاستیی مانگی رابردووش هاوسەرۆکانی یەکێتی و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە رێوڕەسمێکدا واژووی خۆیان خستە سەر رێککەوتنی هاوپەیمانییەکە.
لە 8ـی تەممووز کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی دەستیپێکرد، دوای نزیکەی هەفتەیەک لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە رێککەوتن لەسەر لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکان لە لاهوور شێخ جەنگی و رادەستکردنی بە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی.
19ـی ئەم مانگەش لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا کشانەوەی خۆی لە سەرۆکی هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) راگەیاند و گوتی، "لە سۆنگەی ئەم پێشهاتە نوێیانەی ناو حیزبەکەم لە بەرپرسیارییەتی سەرۆکی هاوپەیمانیی کوردستان دەکشێمەوە و بەرپرسیارێتییەکەی بە هاوسەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەسپێرم."

کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان pic.twitter.com/GrTM4FLfol
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 29, 2021
دەقی راگەیێندراوەکەی کۆبوونەوەی یەکێتی و گۆڕان
ئەمڕۆ پێنجشەممە(٢٩/٧/٢٠٢١)، کۆبوونەوەی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی ئەنجامدرا.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاریی و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ھاوڵاتیان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانی کوردستان پەسەندکرا و ھەردوولا جەختیان لە پشتگیریکردنی ناوبراو و سەرخستنی ھاوپەیمانیەتییەکە کردەوە. لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا بە کاراکردنی لیژنەکانی هەڵبژاردن و تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و چڕکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا.