رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران راهێنەرێکی قوتابخانەی تۆپی پێی خەڵکی شنۆیان دەستبەسەر کردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، رۆژی شەممە 17-10-2026 موحسین مەولوودپوور، هاونیشتمانی، یاریزان و راهێنەری قوتابخانەی تۆپی پێی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێزەکانی سەر بە ئیتڵاعاتی شنۆ بەبێ پێشاندانی هیچ بڕیارێکی دادگە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی موحسین و دەستبەسەریان کردووە. هێزەکان لە کاتی پشکنینی ماڵەکەدا دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانی، لەوانە مۆبایلەکەیدا گرتووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار رۆژ بەسەر دەستگیرکردنیدا، بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی راگرتنی موحسین مەولوودپوور بێ ئەنجام بووە.
تاوەکو ئێستا ناوەندە فەرمی و ئەمنییەکانی ئێران هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو راهێنەرە وەرزشییە کراون، نەداوە.




