رووداو- مهاباد
تەرمی ئاکام تەلاج لە کەشێکی ئەمنی و ژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە گۆڕستانی شاری مهاباد بەخاکسپێردرا.
بەپێ زانیاریەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران سەرەڕای ئەوەی رێگەیان بە بنەماڵەی ئاکام تەلاج نەدا پێش ناشتنی بیبەنەوە ماڵەکەی خۆی، بە کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی لەلایەن ئەو هێزەوە تەرمی ئاکام تەلاج، ئەمشەو لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مهاباد بەخاکسپێردرا.
سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرپرسی ئیدارەی ئیتڵاعات و بەرنوێژی هەینی شاری مهاباد لە ناشتنی ئاکام تەلاج ئامادەبوونە، لەكاتی ناشتنیشیدا شاری مهاباد بە تەواوەتی لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە خرابووە ژێر چاودێرییەوە".
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 29-6-2015 ، ئاکام تەلاج کە لەكاتی خۆپیشاندانەکەی شاری مهاباد بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئێران بریندارببوو، گیانی لەدەست دا.
ئاکام تەلاج 19 ساڵ، خەڵکی شاری نەغەدە و خوێندکاری قۆناخی یەکەمی زانکۆی ئازادی شاری مهاباد بوو. رۆژی 7ی مانگی مایسی رابردوو لە ناڕەزایەتییەکەی بەردەم هوتێل تارای شاری مهاباد بە تەقەی هێزەکانی ئێران برینداربوو، دوای 53 رۆژش مانەوەش لە نەخۆشخانەی ئیمامی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.


