رووداو دیجیتاڵ
کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمبارانی لەسەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن، بەرپرسی بەشی هایدرۆلۆجیی بەنداوی دووکان دەڵێت، بڕی ئاوی پێویست بۆ پێدانی ئاوی ماڵان لە بەنداوی دووکان بەردەدرێتەوە، بەڵام بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەشت مەتر ئاستی ئاوی بەنداوەکە دابەزیوە.
سەلام نەجم، بەرپرسی بەشی هایدرۆلۆجی بەنداوی دووکان لە میانی بەشداریکردن لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی رووداو رایگەیاند، دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان کاریگەریی لەسەر پێدانی ئاوی ماڵان نییە و بڕی پێویستی ئاو لە بەنداوی دووکان بەردەدەنەوە.
ماوەی چەند رۆژێکە پێدانی ئاوی ماڵان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراوی لە سنووری پاریزگای سلێمانی و قەزای چەمچەماڵ کەمکراوەتەوە، بەرپرسی بەشی هایدرۆلۆجیی بەنداوی دووکان باسی لەوە کرد، کەمبەردانەوەی ئاوی ماڵان پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و لە چرکەیەکدا 70 مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دووکان بەردەدرێتەوە، "پێدانی ئاوی ماڵان پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شار و شارۆچکەکانەوە هەیە."
لەبارەی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکانیش، ئەو بەرپرسە لە بەنداوەکە باس لەوە دەکات، بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەشت مەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان دابەزیوە، "بەڵام دابەزینی ئاستی بەنداوەکە کاریگەریی لەسەر کوالێتی ئاوەکەی نەبووە و هیچ کاریگەرییەکی خراپی نەبووە."
هەر ئەمڕۆ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم سەرچاوەكانی دابینكردنی ئاو بەراورد بە ساڵی رابردوو كەمیان كردووە، لەنێو ئەوانەشدا ئاوی سەرچنار هەیە كە بە رێژەی 30% كەمیكردووە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی كەمبارانییەوە سەرجەم سەرچاوەكانی ئاوی كوردستان كەمیان كردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر خەڵكی هاوكاریان بێت ئەمساڵ گرفتی گەورەیان نابێت. وەک ئەو گوتی "بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمی ئاو ئەمساڵ حكومەت بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناری دابینكردووە ئەوەش هاوكارێکی باشمان دەبێت."
بەپێی ئامارەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان رۆژانە لە هەرێمی كوردستان لە رێگەی 91 پرۆژە و 5710 بیرەوە نزیكەی دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو دابەش دەكرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ