رووداو دیجیتاڵ لە شارەدێی لەیلانی سەر بە پارێزگای کەرکووک، هێزێکی سوپای عێراق بەبێ ئاگاداریی ئیدارەی خۆجێیی، دەستی بە لێدانی سەنگەر و دروستکردنی بارەگایەکی سەربازی کردووە لەبەردەم قوتابخانەیەکی دواناوەندیی کچان؛ ئەمەش ناڕەزایەتیی تووندی دانیشتووان و ئیدارەی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە و داوای راگرتنی کارەکانیان دەکەن. ماوەی 2 رۆژە هێزێکی سوپای عێراق، لەنێو گەڕەکێکی شارەدێی لەیلان و رێک لەبەرامبەر قوتابخانەیەکی دواناوەندیی کچان دەستی بە دروستکردنی بارەگا و سەنگەرلێدان کردووە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای قوتابیان و کەسوکاریان دروستکردووە. هـ. ح، کە قوتابییەکی ئەو قوتابخانەیە، مەترسیی خۆی لەو هەنگاوە نیشان دەدات و دەڵێت: «دەستیان کردووە بە فراوانکردنی بارەگاکە، ئەم فراوانکردنە لەبەرامبەر قوتابخانەکەمان گونجاو نییە، لەبەر ئەوەی قوتابخانەی کچانە و رەنگە لە ئایندەدا بازگە و قەرەباڵخی دروست ببێت و کێشەمان بۆ دروست بکات». بەشێک لە دانیشتووانی لەیلان، دژی دروستکردنی ئەو بارەگا سەربازییە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێیەکە گردبوونەوە و داوا دەکەن هێزەکە دەستبەجێ کارەکانی رابگرێت. سەعدییە مەهدی، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێت: «لەوێ کەمێک جۆم تۆو دەکرد بۆ مەڕەکانم و لە زستاندا لەوێ دەملەوەڕاندن. هەرچەند هێز، پێشمەرگە و پۆلیس هاتبێتە ئێرە، ستەمیان لێ نەکردووین، بەڵام ئەمانە هەر کە هاتن دەستیان بە ستەمکردن کرد؛ تکام لێکردن سوودی نەبوو و دەڵێن تاوەکو کۆتایی شەقامەکە دەکەینە بارەگا و شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکە». ئەیاد جاف، هاونیشتمانییەکی دیکەی شارەدێیەکەیە و ناڕەزایەتیی خۆی دەردەبڕێت: «لەبەردەم قوتابخانەی دواناوەندیی کچان کەی رەوایە؟ نازانین بۆچی ئەوەندە هێز رووی لە لەیلان کردووە لە کاتێکدا نە شەڕ هەیە و نە کێشە. منداڵەکانمان ترسیان لێ نیشتووە کە ئەو هەموو هەمەر و تانکە دەبینن لەبەردەم قوتابخانە دانراون». هەروەها عەبدوڵڵا یوسف، کە دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەکەیە، پێیوایە شوێنی سوپا لە دەرەوەی شارە و دەڵێت: «هەمەر و سوپا لەنێو ماڵەکاندا وەستاون؛ من دەپرسم ئایا شوێنی سوپا ناو ماڵانە؟ بەڕاستی دەبێت ئەمانە لە دەرەوەی شارەدێیەکە بن. شوێنیان بۆ دانراوە لە نزیک یارمجە تاوەکو بیکەنە بارەگای لیوا، کەچی هاتوونەتە ناو شارەدێیەکە». لەو چوارچێوەیەدا، ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە نووسراوی فەرمی داوایان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کردووە کارکردن لەو شوێنە رابگرن، بەڵام هێزەکە تاوەکو ئێستا سوورە لەسەر دروستکردنی بارەگاکە و لە کارەکانی بەردەوامە. مازن غەریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو پرسەوە رایگەیاند: «بەڕاستی بارەگای سوپا نابێت لەنێو هاووڵاتییان و خەڵکی سڤیلدا بێت؛ سوپا دەبێت ئەرکەکانی لە رووی سەربازی و بارەگاوە لە شوێنی گونجاو جێبەجێ بکات. بۆیە دڵنیایی دەدەین کە هاوشێوەی کێشەی شارەدێی شوان کە چارەسەرمان کرد، ئەم کێشەیەش چارەسەر دەکەین». بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو بارەگا نوێیە بۆ بەشی هەواڵگریی سوپا و دروستکردنی شوێنی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەر تەرخان دەکرێت. ...
کوردستان12-11-2026کێشەکانی بەغدا رێگرن لە دانانی پارێزگاری نوێی کەرکووک و شارەکە لە بۆشایی ئیداریدایە
کوردستان12-11-2026زانکۆی کوردستان - هەولێر بڕوانامە دەبەخشێتە نزیکەی 700 دەرچوو؛ 90٪ـیان هەلیکاریان بۆ دەستەبەر دەبێت