سەرۆککۆمار لە هەولێر

29-04-2021

22:51

کۆبوونەوەی عەلی باپیر و بەرهەم ساڵح؛ یەکڕیزی بەپێویست زانرا

کۆبوونەوەی عەلی باپیر و بەرهەم ساڵح؛ یەکڕیزی بەپێویست زانرا
 
سەرۆککۆماری عێراق لە میانەی سەردانی بۆ هەولێر لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، "دوایین پێشهات‌ و گۆڕانكارییه‌‌ سیاسییه‌كانی عێراق به‌گشتی ‌و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت تاوتوێكرا."
 
هەردوولا یه‌كڕیزیی گه‌لی كورد و پاراستنی پێگه‌ی كوردیان له‌ به‌غدا به‌پێویست زانیوە ئەوەش "له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان." 
 
لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقیش کردووە بەشێوەیەک کە زەمینە خۆشبکرێت لەبەردەم "هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە ماف و خواستی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق دەستەبەر بکات و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:18

ئەمینداری یەکگرتوو و سەرۆککۆمار: پاراستنی پێگەی کورد لە بەغدا ئەرکێکی نیشتمانییە

ئەمینداری یەکگرتوو و سەرۆککۆمار: پاراستنی پێگەی کورد لە بەغدا ئەرکێکی نیشتمانییە
 
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، سه‌لاحه‌دین به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌یاوه‌ری شاندێكی باڵا پێشوازی له‌ د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆككۆماری عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، هه‌ردوولا دوایین پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و عێراقیان تاوتوێكرد و جەختیان له‌سه‌ر پاراستنی پێگه‌ی كورد له‌ به‌غدا و زه‌روره‌تی یه‌كڕیزیی گه‌لی كورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و خزمه‌تكردن پێیان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا.
 
راگەیێندراوەکەی یەکگرتوو دەڵێت، "سه‌رۆككۆماری عێراق رۆڵی مێژوویی و پێگه‌ی ئه‌مینداری گشتی و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانی به‌رزنرخاند و رایگه‌یاند، یه‌كگرتوو هه‌میشه‌ خه‌مخۆر بووه‌ بۆ میللـه‌ت و له ‌خزمه‌تكردن درێغییان نه‌كردووه‌."
زیاتر بخوێنەوە

17:35

نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح جەخت لە لێکتێگەیشتنی لایەنەکان دەکەنەوە

نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح جەخت لە لێکتێگەیشتنی لایەنەکان دەکەنەوە
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کرد، هەردوولا جەختیان لە "پێویستیی تێپەڕاندنی ناکۆکی و ململانێکان و گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کردەوە".
 
زیاتر بخوێنەوە

16:19

مەحموود محەممەد: لەگەڵ د. بەرهەم باسی رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردمان کرد

مەحموود محەممەد: لەگەڵ د. بەرهەم باسی رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردمان کرد
 
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ ئەو لایەنانە هاوپەیمانیێتی دەکەن کە زیاتر نزیک بێت لەو بۆچوونانەی کە هەن لە بەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، ئاماژە بەوەش دەدات بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان پێکهێنانی هاوپەیمانیێتی "ئەستەمە"، بەڵام هەوڵ دەدەن لە ناوچەکانی ماددەی 140 ئەوەندەی بکرێت کوردستانیان لەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن و دەنگ بە بەربژێرەکانی کورد بدەن.
 
دوای کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی ئەو حیزبە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی ئێستای عێراق و پرسی هەڵبژاردن و ئەو بارودۆخەی عێراقی تێدایە کرا. هەروەها قسە لەسەر ئەوە کرا کە چی پێویستە لەسەر ئێمەی کورد لە بەرەوپیرچوونی ئەو هەڵبژاردنە چی بکەین و رۆڵمان چی بێت. هەروەها ئەو مەترسیانەی لە عێراق هەن و زۆرجار کێشەیان بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە. هەروەها باسی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش کرا، کە پەیوەندی نێوان لایەنەکان و بە یەکەوە بوون زیاتر هێز دەداتە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەوانەی کە دژی هەرێمی کوردستانن بوێری ئەوەیان نەبێت دەست بۆ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان ببەن."
 
مەحموود محەممەد رەتیکردەوە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، باسی پۆستی سەرۆککۆمار کرابێت و دەڵێت: "بە هیچ شێوەیەک باس لە مەسەلەی پۆستەکان نەکراوە، چونکە ئەو بابەتە لە گۆڕێ نییە، باس لەوە نەکراوە کە کێ دەبێت بە سەرۆککۆمار و چ لایەنێک وەریدەگرێت یان وەری ناگرێ، بەڵکو زیاتر باسی پرسە سیاسییەکان و تەبایی و رێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد کرا."
 
سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانیێتی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ناوچەکانی ماددەی 140، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، "ئەوەی کە گرنگ بووە پێشتریش لیژنەیەکمان هەبوو لە دەزگای هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ئەو بابەتانەیان تاوتوێ کردووە و قسەی لەسەر کراوە، کە ئێمە یەک هەڵوێستی بین. بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان پێکهێنانی هاوپەیمانیێتی ئەستەمە، بەڵام هەوڵ دەدەین لەو ناوچانەی کە جێناکۆکن ئەوەندەی بکرێت کوردستانیان لەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن و دەنگ بە بەربژێرەکانی کورد بدەن بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان هەڵبژێرن."
 
سەبارەت بە دروستکردنی هاوپەیمانیێتیش لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لەوانە سائیرون، مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا شاندێکی ئێمە لە بەغدایە، بە سەرۆکایەتی کاک هۆشیار. پێویستمان بەوەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆ بکەین، هەر لایەنێک لەو لایەنانەی کە زیاتر نزیک بێت لەو بۆچوونانەی کە هەن لە بەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، بە تەئکید ئەوکات ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنانە رێکدەکەوین بۆ پێکهێنانی حکومەت."
 
بە گوتەی مەحموود محەممەد، "هەموو لایەنەکانیش لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانن، لەگەڵ سائیرون زۆر بەوردی قسە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لە نێوانماندا واژۆ نەکراوە."
 
لەبارەی پرسی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووکیش، مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوەدا، "یەکێک لە تەوەری گفتوگۆی شاندی ئێمە کە ئێستا لە بەغدایە، بابەتی گەڕانەوەی پارتییە بۆ کەرکووک، موسڵ، خانەقین، مەخموور و چەندین شار و شارۆچکەی دیکە. لە کاتێکدا کە بەشداری هەڵبژاردن دەکەین دەبێت بوونمان لەو ناوچانە هەبێت، ناکرێت لە دوورەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بابەتە یەکلانەبووەتەوە. لیژنەیەکیشمان هەیە بۆ پرسی دابینکردنی ئەمنیەت لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ماددەی 140، ئەو لیژنەیە دەستبەکاربووەتەوە جارێکی دیکە، چونکە ماوەیەک کارەکانی راوەستابوو. حکومەتی عێراقیش پێویستی بەوە هەیە بۆ ئەوەی پێشمەرگە لەو شوێنانە بێت. لەو بۆشاییەی ئەمنییەی دروست بووە زۆرجار گورزی زۆر خراپ هەم لە خەڵکی ناوچەکە و هەم لە حکومەتیش دەدرێت."
زیاتر بخوێنەوە

15:21

کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح و مەسرور بارزانی: پێویستە عێراق بە زووترین کات بودجە بنێرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازی لە بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق کرد
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی بەرهەم ساڵح و مەسرور بارزانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەداپەسەندكردنی یاسای بودجە2021 بە هەنگاوێكی ئەرێنی دانرا و "پێویستە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات بنێردرێت."
 
رۆژی پێنجشەممە 29-04-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازی لە بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق کرد. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێكرا و "جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە." 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت "پەسەندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی 2021 بە هەنگاوێكی ئەرێنی دانرا کە پێویستە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە خزمەتی سەرجەم پێكهاتە و ناوچە جیاوازەكانی عێراق بكات و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە زووترین کات بنێردرێت."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا "ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە پێویستە هەموو لایەنەکان پشتیوان بن لە سەرخستنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتیی و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان." 
 
لە بەشێکی دیکەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق کراوە "بە ئاراستەی زەمینەخۆشكردن لە بەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق دەستەبەر بكات."
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 28-04-2021 د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.
 
لە یەکەم رۆژی کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، سەرۆککۆماری عێراق بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بڕیاریشە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکە کۆببێتەوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

14:17

کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی

کۆبوونەوەی د.بەرهەم ساڵح لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی لە هەولێر. وێنە؛ سەنگەر عەبدولڕەحمان - رووداو
د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
 
ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقە لە هەولێر. سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو رایگەیاند،  بڕیارە لەگەڵ یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ و لایەنە سیاسییەکانی دیکە کۆببێتەوە.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

13:20

نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و بەرهەم ساڵح

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و بەرهەم ساڵح. وێنە؛ بارەگای بارزانی
بارەگای بارزانی راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی گۆڕەپانی عێراق تاوتوێكرا و بیروڕا لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
 
دەقی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە 
 
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆككۆماری عێراق دەكات
 
رۆژی پێنجشەممە ٢٩ـی نیسانی ٢٠٢١ لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراقی فیدڕاڵ كرد.
 
لەو كۆبوونەوەیەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی گۆڕەپانی عێراق تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
 
هەر لەو دانیشتنەدا رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، چارەسەربوونی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەماهەنگیی نێوانیان، وەك فاكتەرێك بۆ سەقامگیریی و بووژانەوەی سەرجەم بەشەكانی عێراق لە قەڵەم درا.
 
بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندیی نێوان لایەنەكانی هەرێم تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:48

بەرهەم ساڵح و مەسرور بارزانی کۆبوونەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر گوتی، پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:51

سەرۆککۆمار لە هەولێر

کۆبوونەوەکانی بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی
کۆبوونەوەکانی بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی
رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران بە جیا کۆدەبێتەوە و بڕیاریشە دواتر لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.
 
یەکەم دیداری د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-4-2021 لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەبێت. کۆبوونەوەی دووەمیشی لە کاژێر 12:00 لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، ئەگەرچی شەوی رابردوو دیدارێکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبووە و یەکیان بینیوە، بەڵام دیدارە فەرمییەکانی ئەمڕۆ دەستپێدەکەن و بڕیارە بۆ پاشنیوەڕ د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی،سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، دواتریش بڕیارە سەردانی زۆربەری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکات و لەگەڵ کەسی یەکەمی ئەو لایەنە سیاسییانە کۆببێتەوە.

 

 
لەبارەی ئەجێندای سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ کوردستان، پەیامنێری رووداو دەڵێ، ئەجێندای سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و یەکخستنی دەنگی کورد و پاراستنی پێگەکەیەتی لە بەغدا وەکو "سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق".
 
ئەم سەردانەی سەرۆککۆماری عێراق بۆ هەولێر، دوای سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دێت، کە لە 10ی ئەم مانگە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە.   
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 28-04-2021 د.بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە پێشوازیی لێکرا. 

 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە